کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەی "جیهانی سەنعەت" داخرا

17:52 - 20 گەلاوێژ 2720

ڕۆژنامەی ''جیهانی سەنعەت'' بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لەسەر ''بێ متمانەیی بە ئاماری دەوڵەتی لە بارەی کۆرۆنا" چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕاگیڕا.

ڕۆژنامەی ''جیهانی سەنعەت'' یەک ڕۆژی دوای بڵاوکردنەوەی وتووێژێک لەگەڵ ''محەممەدڕەزا مەحبووب فەڕ'' ئەندامی ستادی پێشگرتن لە کۆرۆنا لە ئێران کە لەو وتووێژەدا ڕێژیمی ئیسلامیی ئیرانی بە نهێنیکاری لە بارەی تەشەنەسەندنی ئەم نەخۆشییە و بڵاوکردنەوەی ئاماری ناڕاست لە قوربانییان و تووشبووانی کۆرۆنا تۆمەتبار کردبوو، ڕاگیرا.

''محەممەدڕەزا مەحبووب فەڕ''، ئێپیدمۆلۆژیست و ئەندامی ستادی پێشگرتن لە کۆرۆنا، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ''جیهانی سەنعەت'' وتبووی، ئەو ئامارانەی کە وەزارەتی تەندروستیی لە بارەی قوربانییان و تووشبووان بە کۆرۆنا ڕایدەگەیەنێت، یەک لە سەر بیستی ئامارە ڕاستەقینەکانە و جێگای متمانە نییە.

''مەحبووب فەڕ'' ئاماری کۆرۆنای کە لەلایەن ڕێژیمەوە بڵاو دەکرێتەوە بە مەهەندیسیکراو ناو بردووە و دەڵێت تەنیا بە هۆکاری سیاسی و ئەمنییەتی ئەو ئامارانە بڵاو دەکرێتەوە.

''محەممەدڕەزا سەعدی'' بەرپرسی ڕۆژنامەی ''جیهانی سەنعەت'' وتوویەتی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لە سەر ''بی متمانەیی بە ئاماری دەوڵەتی'' هۆکاری ڕاگرتنی ئەم ڕۆژنامەیە بووە.

ئاخرین ژمارەی ئەم ڕۆژنامەیە ئەمرۆ ڕێکەوتی ٢٠ی گەلاوێژ، بە ڕەخنەگرتن لەسەر گەڕانەوەی کۆپین لەلایەن مەجلیسی ڕێژیم، بە سەر دێری ''مەجلیسی پۆپۆلیستی'' بڵاو کراوە.