کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەی "هەمشەهریـ"ـی سەر بە ڕێژیم: "فەرهاد و ئازاد خوسرەوی" سەریان لە کێشە خوراوە

17:32 - 2 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ڕۆژنامەی "هەمشەهری"، یەکێک لە ڕۆژنامەکانی ڕێژیمی ئێران، بابەتێکی دوور لە ڕاستی و بوختان بە کۆڵبەرانی بڵاو کردووەتەوە کە گوایە ئەوە "فەرهاد و ئازاد خوسرەوی" سەریان لە کێشە خوراوە بۆیە گیانیان لەدەست داوە.

ئەو ڕۆژنامەیەی ڕێژیم نووسیویەتی، ئەو ڕووداوەی لە مەریوان ڕوویدا هەموو کەس باسی لێ دەکات و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش پڕە لە وێنەی فەرهاد و ئازاد؛ بەڵام ئەو دوو برایە بۆ پارەیەکی کەم ناچار بوونە کۆڵبەری بکەن و "ماجراجوویی" گیانی لێ ئەستاندوون.

ئەو ڕۆژنامەیە ڕووداوی گیانلەدەستدانی ئەو دوو برا ١٤ و ١٧ ساڵەیەی لە زاری "زانیار کاوە" دەگێڕێتەوە، بەڵام "زانیار" لە پەیامێکی ویدیۆییدا بڵاوی کردووەتەوە کە ڕۆژنامەی "هەمشەهری" درۆی بە زاری منەوە هەڵبەستووە.

لە بەشێکی وتاری ئەو ڕۆژنامەیەدا هاتووە: "کاتێک ئازاد لە ڕێگادا ناتوانێت بڕوات، زانیار بە مۆبایلی ئازاد زەنگ بۆ بێهزادی برای ئازاد لێ دەدات، بەڵام باوکیان هەڵی دەگرێت".

هەروەها نووسیویەتی: "کۆڵبەران مێهرەبان نین، چونکە کاتێک ئازاد تووشی ئەو ڕووداوە دەبێت کاروانێکی کاسبکاران بە ئەسب بەوێدا تێدەپڕن؛ ئازاد داوای هاوکارییان لێوە دەکات بەڵام یارمەتیی نادەن".

لە وتاری ئەو ڕۆژنامەیە باس لە چۆنیەتیی ڕووداوەکە کراوە کە گۆیا "زانیار کاوە" ئەو قسانەی گێڕاوەتە، بەڵام ناوبراو بەگشتی ئەو قسانە بە درۆ و بوختان دەزانێت.

پاش ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە و گیانلەدەستدانی ئەو دوو برا کۆڵبەرەیە، ڕێژیم دووبارە چەواشەکارییەکانی دەست پێکردووە و دەیەوێت بیسەپێنێت کە هەڵەکارانی سەرەکیی ئەو ڕووداوانە، خودی خەڵکن نەک دەسەڵاتدار.