کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەی کەیهان: دامەزراندنی تەڵەبەیەکی ژن یان پیاو لە قوتابخانەکان دەبێ ببێت بە یاسا

18:15 - 10 سەرماوەز 2721

ڕۆژنامەی "کەیهان" سەر بە نووسینگەی ڕێبەرایەتیی ڕێژیمی ئێران داوای لە شورای باڵای کولتووریی  و مەجلیسی شورای ڕێژیم کردووە کە لەسەر بابەتی جێگیرکردنی تەڵەبەیەکی ژن یان پیاو لە قوتابخانەکاندا لێکۆڵینەوە بکات و بیکات بە یاسا.

ئەو ڕۆژنامەیە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە: "لە ئێستادا سیستمی پەروەردە و بارهێنان بە لاڕێدا چووە و بەرنامەکانی دوور لە ویستەکانی نیزامن، بۆ نموونە بەشێک لە قوتابییانی کچ دوای ١٢ ساڵ خوێندن لەو سیستمەدا هیچ گرینگییەک بە حیجاب نادەن".

هەروەها ئەو ڕۆژنامەیە پێشنیاری بە وەزیری نوێی پەروەردە و بارهێنان کردووە کە یەکێک لە ڕێکارەکان بۆ ئەو کێشەیە ئەوەیە کە "ئاخوند و تەڵەبەی لاوی پیاو و ژن بە ڕێژەیەکی زۆر لە قوتابخانەکاندا دابمەزرێنێت". ڕێژیم بەو شێوەیە بە نیازە ڕێژەی ئاخوندەکان لە قوتابخانەکاندا زیاد بکات.

ڕۆژنامەی "کەیهان" ئەو داخوازییەی هاوکات لەگەڵ دامەزراندنی "یووسف نووری" ئەندامی سپای تێرۆریستی پاسداران وەک وەزیری پەروەردە و بارهێنان دەر کردووە.