کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەی ئەلجەریدە: ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر نەتەنز

12:50 - 14 پووشپەڕ 2720

ڕۆژنامەی کوەیتیی ئەلجەریدە بڵاوی کردووەتەوە کە فڕۆکە شەڕکەرە "ئێف ٣٥"ـەکانی ئیسرائیل بەرپرسایەتیی هێرش بۆ سەر دامەزراوەی ناوکیی نەتەنزی لە ئەستۆیە.

ڕۆژنامەی کوەیتیی "ئەلجەریدە" ڕۆژی هەینی ١٣ی پووشپەڕ بڵاوی کردووەتەوە کە فڕۆکە شەڕکەرە "ئێف٣٥"ـەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوەی ناوکیی "نەتەنز"ی ڕێژیمی ئێران و بەپێچەوانەی ڕاپۆرتەکان ئەو فڕۆکە شەڕکەرانە لە باشووری ئیسرائیلەوە هەڵفڕیون.

کاربەدەستێکی پلە باڵا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا ببێت بەو ڕۆژنامەیەی وتووە کە هێرشەکانی ئیسرائیل بووەتە هۆی لەنێوچوونی ٨٠ لەسەدی پاشکۆی گازی "یوو ئێف ٦"ی پێویست بۆ پیتاندنی ئورانیۆم.

ڕێژیمی ئێران بۆ دابینکردنەوەی ٨٠ لەسەدی لەدەستچووی ئەو گازە دوو مانگ کاتی پێویستە و هەروەها ئێران ناچار دەبێت خێرایی پیتاندنی ئورانیۆمی خۆی تا کاتی دابینکردنی ئەو گازە ٨٠ لەسەد دابەزێنێت.

سەرنجی قسەکانی ئەو کاربەدەستە لەسەر هێرشە ئەنجامدراوەکان بۆ سەر دامەزراوە مووشەکییەکانی "پارچین" و دامەزراوە ناوکییەکانی "نەتەنز" بووە.

پێشتر "ئیدی کۆهێن" کە زۆر کەس وەکوو وتەبێژی نافەرمیی ناوەندەکانی زانیاریی ئیسرائیل ناوی دەبەن، ٢ کاتژمێر پێش تەقینەوەی گەورەی وزەخانەی ناوکیی "نەتەنز" وتبووی: "تایبەتی لە زاری سەرچاوە زانیارییە ڕۆژئاواییەکانەوە: ئیسرائیل گەورەترین ناوەندی پیتاندنی ئورانیۆمی ڕێژیمی ئێرانی بۆردومان و وێران کردووە".

ناوبراو لە درێژەدا وتوویەتی کە حاڵەتگەلێک لە ژەهراویبوون بە "ڕادیۆئەکتیڤ" ڕووی داوە و خەڵک لە ناوچەی هێرش لەسەر براونەتە دەرەوە و بایکۆتێکی زانیاریی تەواو ئەنجام دراوە.

لەلایەکی دیکەشەوە شورای باڵای تەناهیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە هۆکاری ڕووداوی تەقینەوەی دامەزراوەی "نەتەنز" دەستنیشان کراوە، بەڵام بەهۆی "هەندێک تێبینیی ئەمنییەتی" دواتر خەڵکی لێ ئاگادار دەکەینەوە.

ڕێژیمی ئێران تەنیا باسی لە ئاگاداربوون لە هۆکاری ڕووداوەکە کردووە و بە فەرمی هیچ شتێکی ڕانەگەیاندووە.

هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی پووشپەڕ، پاش تەقینەوەیەکی گەورە لە دامەزراوەی "نەتەنز"دا کە لە ٢٧٠ کیلۆمەتریی تارانە، کەوتبوونە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و ڕێوشوێنی ئەمنییەتیی توندیان گرتبووە بەر.