کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەی ئەلعەرەب: ئێران دەیهەوێت هەرێمی کوردستان بکاتە شوێنی شەڕ دژی ئیسرائیل

12:46 - 28 خاکەلێوه 2721

ڕۆژنامەی ئەلعەرەب لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی کردووەتەوە، بەشێک لە کێشەکانی ئێران و ئیسرائیل کاریگەری دەخاتە سەر وڵاتی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان.

بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانی ئەوەن کە ئەگەری هەیە ناڕەزایەتییەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران نائەمنیی زیاتر لە ناوچەدا دروست بکات.

ئەو ڕۆژنامەیە نووسیویه‌تی، ئێران و میلیشیاكانی له‌ عێراق ده‌یانهه‌وێت هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ک ناوچه‌كانی تری باشووری عێراق لێ بكه‌ن، بۆیه‌ به‌ به‌رده‌وامی تۆمه‌تیان بۆ دروست ده‌كه‌ن و بیانوو ده‌دۆزنه‌وه‌ تا دۆخی هه‌رێمه‌كه‌ بشێوێنن.

شەوی چوارشەممەی ڕابردوو لە ڕێگای دڕۆنەوە هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. ئەو هێرشە لەلایەن زۆربەی وڵاتانی ڕۆژاوایی و ناوچەییەوە مەحکووم کرا.

تاران زیاتر لە ٤٠ ساڵه باس له‌ سڕینه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌سه‌ر گۆی زه‌وی ده‌كات كه‌چی هەتا ئێستا‌ گولـله‌یه‌كیشی به‌ ڕووی ئیسرائیل نه‌ته‌قاندووه‌ و خه‌ریكی قوربانی كردنی‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یه‌ به‌ دروستكردنی تۆمه‌ت بۆیان و هه‌وڵدان بۆ سه‌پاندنی هەژموونی به‌سه‌ر ناوچەکەدا.