کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژهەڵاتی کوردستان قوتابخانەی جوامێرییە

12:24 - 19 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای هەموو کارەسات و ئازارەکانی، کانگای حەماسە و قوتابخانەیەکی جوامێری و هاوسۆزییە.

سەرەڕای ئەوەی کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ژێر دەسەڵاتێکی سەرەڕۆ و دواکەوتوودایە و لە لایەن ڕێژیمێکی تۆتالیتر و ئاخوندیی بیرکۆن و کۆنەپەرەستانەدا، بە زەبر و زۆری چەک، هێرش و شەڕ، خوێنڕشتن، قڕکردن، سێدارە و هتد، داگیر کراوە، بەڵام هاوکات بووەتە لانکەی حەماسە و قوتابخانەیەکی جوامێرییە بۆ وانەوتنەوەی مرۆڤایەتی و ئەمەش نەوە بە نەوە زیاتر پەرەی پێ دەدرێت.

لەم پەیوەندییەدا، مناڵانی پارێزگای بوومەلەرزلێدراوی کرماشانی زامدار، وێڕای دنیای منداڵیی خۆیان و ژیانی دژواری بنەماڵەکانیان بە هۆی کارەساتی چەند بوومەلەرزەی دوابەدوای یەکدا، لە هەوڵێکی شیرینی جوانمێرانەی منداڵانەدا، هاوسۆزیی خۆیان لەگەڵ منداڵانی پارێزگای لافاولێدراوی لوڕستانی داخدار دەربڕی.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، زیاتر لە ۳۰۰ منداڵی کرماشان، بە ڕێکخستنی کەمپەینێک لە ژێر ناوی "کەمپەینی مێهرەبانی"، بە مەبەستی هاوسۆزیی لەگەڵ منداڵانی پارێزگای لوڕستانی لافاولێدراو، دەستیان داوەتە کۆکردنەوە کەلوپەلی و کەرەستەی یارییکردنی منداڵانە و وەکوو دیاری ڕەوانە منداڵانی لوڕستانیان کردووە.

شایانی باسە، کە لە کاتی ڕوودانی کارەساتی لافاوی لە پارێزگاکانی لوڕستان و ئیلام و دانانی کەمپەینی "زاگرۆس چاوەڕێمانە"، کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشدراییکردنی بێوێنەیان، حەماسەیەکی نیشتمانییان خولقاند، زۆر جار منداڵانێک دەهاتن و خەزانەی پارە کۆکراوەکانی خۆیان دەشکاند و بەو کەمپەینانەیان پێشکەش دەکرد.

لە مانگی کۆتاییی ساڵی ڕابردوو و سەرەتاکانی نەورۆزی ئەمساڵدا، بە هۆی بارانبارینی زۆر و پرۆژە ناستانداردەکانی ڕێژیم کە هیچ بنەمایەکی ئەندازیارییان تێدا ڕەچاو نەکراوە، لە چەند ناوچەیەکی ئێران و دوو پارێزگای ئیلام و لوڕستانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کارەساتی لافاو ڕووی دا و بووە هۆکاری زیانێکی زۆری گیانی و ماڵی کە ڕێژیمیش هەتا ئێستە هیچ هەنگاوێکی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانە ماڵییەکانی ئەو خەڵکە هەڵ نەگرتووە.