کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژژمێری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

12:53 - 15 بانەمەڕ 2720

لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوو، لە ڕێکەوتی  ١٣ی بانەمەڕ هەتا ١٥ی بانەمەڕ، چەندین هاووڵاتیی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە بە تۆمەتی جۆراجۆر سزا دراون و چەند هاووڵاتیش کوژراون.

ڕۆژی شەممە ١٣ی بانەمەڕ، "زەینەب جەلالیان''، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی ماکۆ، بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین ڕاگوێزرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی، لە کرماشان لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا. پاشان لە سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، بە تۆمەتی موحاربە و ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان، بە ئێعدام مەحکووم کرا و دواتر بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.

 ڕۆژی شەممە ١٣ی بانەمەڕ، ژمارەیەک لە کۆڵبەران لە بەرزاییەکانی سنووری "نۆکان و کانی زەرد"ی سەردەشت کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی ڕێژیم و لە ئەنجامی تەقەکردنیان، کۆڵبەرێک بە ناوی "محەممەد ئیبراهیم‌ زادە" تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی گوندی "نەبی ئاوێـ"ـی شاری ڕەبەت، گیانی لەدەست دا.

ڕۆژی شەممە ١٣ی بانەمەڕ، "سۆهراب مورادی"، چالاکی فەرهەنگیی کوردی خەڵکی شاری شابادی کرماشان، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران لەو شارە کرا. ئەو چالاکە فەرهەنگییە کوردە لە ڕێگای تەلەفۆنەوە بانگهێشت کراوە و هۆکاری بانگهێشتکردنەکەی ناڕوونە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بانەمەڕ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "مەحموود مورادی" کوڕی حاجی "جەلال"، بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم لە سنووری "هەنگەژاڵـ"ـی بانە گیانی لەدەست دا. ئەم کۆڵبەرە کوردە ماوەی ١٨ ڕۆژە ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە.

ڕۆژی شەممە ١٣ی بانەمەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەبدوڵڵا ئەدوایی" خەڵکی گوندی "سلێن" لە ناوچەی هەورامان سەر بە شاری سەوڵاوا، بە هۆکاری نادیار دەسبەسەر کرا و هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە. پاش نەچوونی ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ ئەو ناوەندە لە شاری سەوڵاوا، هێرشیان کردووەتە سەر گوندی "سلێن" و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بانەمەڕ، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سنە، بە ناوەکانی "تارق ڕەحیم‌ پوور" کوڕی "مووسا" و "بێنیامین ڕەحیم‌ پوور" کوڕی "مووسا"، لەلایەن ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو، لاوێکی کورد بە ناوی "ئالان بەنگین" تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی گوندی "کانی ڕەشـ"ـی شنۆ، لە کاتی سەربازیدا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. پاش دەسبەسەرکردنی ئەو لاوە کوردە، لاوێکی دیکەی خەڵکی ئەو گوندە بە ناوی "یەحیا ئیبراهیمی" تەمەن ٢٠ ساڵ، دەسبەسەر کراوە و ئەویش بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "بەهرام ڕەعنایی" لەگەڵ مەترسیی دیپۆرتکردنەوەی لە وڵاتی دانمارک بۆ ئێران، بەرەوڕووە. ئەو هاووڵاتییە کوردە، ٥ ساڵ پێش لە ئیدارەی کۆچ و کۆچبەرانی دانمارک داوای پەنابەریی کردبوو، ئەو ئیدارەیە داواکارییەکەی ناوبراوی ڕەت کردبووەوە.

ڕۆژی دووشەممە هاووڵاتییەک بە ناوی "بێهنام ئەلیاسی" خەڵکی مەهاباد بە تۆمەتی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران بە دوو ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.