کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژژمێری کارەساتی لاوفاەکان لە کوردستان و ئێراندا

17:37 - 27 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: هەتا ئیستا لافاوەکان لە کوردستان و ئێراندا بەردەوام درێژەی هەیە و وێرانی لە دوای خۆیدا بەجێ دێڵێت.

ڕێکەوتی ٥ی خاکەلێوەی ئەمساڵ بە هۆی هاتنی بارانی بە لێزمە و بەردەوام، شارەکانی کوردستان و ئێران کەوتنە بەر تەوژمی بارانی بەخوڕ کە لە ئەنجامدا بەشێکی زۆر لە شارەکان تووشی لافاو بوون.
هاتنی لافاوەکان لە پارێزگای لوڕستان و ئەهواز سیمایەکی دیکەی بە شار و گوندەکانی ئەو دوو پارێزگایە بەخشی کە هەتا ئێستاش لافاوەکان درێژەی هەیە و خەڵک بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە.

لە بەشێک لە ناوچەکانی لوڕستان هیچ هەواڵێکی دروست و باوەڕپێکراو لەسەر گیان‌لەدەستدانی خەڵک لەبەردەستدا نییە. هاوکاری و یارمەتییەکانی دەوڵەت بۆ لوڕستان زۆر کەم و بە خاوی و سستی بەڕێوە دەچێت.

پێداویستییەکانی لافاولێدراوان وەک خۆراک، پۆشاک، شیری وشک، چادر و پێڵاو لە ڕێگەی ڕێکخراوە مەدەنییەکانەوە بە خەڵک گەیشتووه. لەگەڵ ئەوەی کە ڕێژیم لە سەرەتای لافاوەکەوە هەڕەشەی لەو ڕێکخراوانە کرد بەڵام خەڵکی کوردستان بە بێ گوێدان بڕیارەکانی ڕێژیم، لە هەموو شارەکانی کوردستان دەستیان بە کۆکردنەوەی یارمەتی کرد.

١٠ شاری پارێزگاى لوڕستان لە دۆخی زۆر قەیراناویدان، چونکە لافاوێکى زۆر لەو شارانەدا ڕوویداوە و ئەو شارانه لە گەمارۆی ئاودان. 

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیم، هەتا ئێستا ٢٥ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە شوێنە جیاجیاکان وێران بوونە و لافاو بردوونی.

٤ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی بێهزیستیش تووشی وێرانی بوونە.

سەرۆکی جەهادی کشاوەرزیی خوزستان،  ڕێکەوتی ٢٠ خاکەلێوە باسی لەوە کردووە، هەتا ئێستا ١٠ هەزار مریشک، ١ هەزار و ٥٠٠ کەنووی مێشە هەنگوین و ٢ هەزار و ٤٥٠ سەر مەڕ و ماڵات لەناو چوونه.
لە ئامارەکاندا هاتووە کە ٧٦ کەس بە هۆی لافاوەوە گیانیان لە دەست داوە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە جێگای یارمەتی و دابینکردنی شوێن بۆ خەڵک بە بڵندگۆ داوایان لە خەڵک دەکرد ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.

ڕێژیمی ئێران ئیدعای ئەوە دەکات کە یارمەتی بە خەڵک دەدات بەڵام میدیاکانی ناوچەیی وەک تەلەفزیۆنی کوەیت باس لەوە دەکەن یارمەتییەکان بە دەستی خەڵک نەگەیشتووە.

محەممەدجەواد زەریف، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیم ئیدعای کردووە  کە گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا بەربەستێکە بۆ یارمەتی گەیاندن بە لێقەوماوان.

ئامریکا و ڕێکخراوی خاچی سوور ئەو ئیدعایەی بەرپرسانی ڕێژیمیان ڕەت کردەوە.

ئەگەرچی ڕێژیمی ئێران یارمەتی بە خەڵک نادات، بەڵام ڕێکخراوی کەشناسیی ئێران هۆشداری داوە کە لافاوی قورستر لە ئێراندا بەڕێوەیەوە.

کارەساتی لافاو لە کوردستان و ئێراندا درێژەی هەیە و ڕێژیمیش وادەی قەرەبوو دەدات.