ڕۆژی خوێندکاری کورد ڕۆژێکە کە خوێندکارانی مەتەرێزی خەبات و شۆڕشگێرانی نێو زانکۆ، لەگەڵ ڕێبازی شەهید شەریفزادە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان پەیمان نوێ دەکەنەوە.
لە دەیەی ٤٠ی هەتاوی، كە فەزای تۆقان و هەڕەشەی ڕێژیمی پاشایەتی باڵی بە سەر گشت ئێراندا كێشابوو و دەرفەتی هیچ چەشنە چالاكییەكی سیاسی لە ئێران و بەتایبەت لە زانكۆوەكاندا نەبوو، ئیسماعیل شەریفزادە زانكۆ و كورسی بەجێ دەهێڵێت و ڕوو لە ڕیزەكانی پێشمەرگە و حیزبی دێموكرات دەكات.
شەهید شەریفزادە و هاوڕێیانی کۆمیتەیەک بە ناوی "کۆمیتەی ئینقلابی" پێک دێنن و ئەو کۆمیتەیە بەپێی هەلومەرجی مێژوویی بڕیاریان دا، کە بگەڕێنەوە کوردستان و دژی ڕێژیمی شا خەبات بکەن. ئەندامانی کۆمیتەی ئینقلابی دەچنەوە نێوخۆ و لە سێ گۆشەی مەهاباد، بانە و "سەردەشتـ"ـدا جێگیر دەبن.
دواتر پێنج کەس لە یازدە کەس لە ئەندامانی ئەو کۆمیتەیە لەوانە شەهید ئیسماعیل شەریفزادە، مەلا ئەحمەد شەڵماشی ناسراو بە مەلا ئاوارە و عەبدوڵڵا موعینی تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان دەبن.
شەهید ئیسماعیل شەریفزادە و هاوڕێیانی لە ساڵەکانی ٤٧ _١٣٤٦ی هەتاوی، بۆ ڕزگاریی نەتەوەی کورد دژ بە دەسەڵاتی ڕێژیمی پاشایەتی لە ئێراندا دەستیان دایە خەباتی چەکداری و دوای ١٨ مانگ شەڕی قارەمانانە لە ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕی ١٣٤٧ی هەتاوی، شەهید کران.
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، کە لە ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی دامەزرا، ئەو ڕۆژەی وەک ڕۆژی خوێندکاری کورد دیاری کردووە.