کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان لە شاری ئۆریبرۆی وڵاتی سوید بەرز ڕاگیرا

20:28 - 8 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان لە شاری ئۆریبرۆی وڵاتی سوید بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی،کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری ئۆریبرۆ، بە هاوکاریی یەکیەتیی کوردانی ئەو دەڤەرە، مەراسمێکی بە مەبەستی ڕێزگرتن لە مەقامی بەرزی پێشمەرگەی کوردستان و ڕۆژی ئاڵای پیرۆزی کوردستان بۆ کوردانی دانیشتووی ئەم دەڤەرە پێک هێنا.

سەرەتا ڕێوڕەسمەکە بە سرودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کورد و کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان پەیامی کۆمیتەی ئۆریبرۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە لایەن حوسێن عەبدی خوێندرایەوە.

چەندین پەیام بۆ ئەو مەڕاسمە پێشکەش کرابوون کە بریتین لە:
ــ پەیامی کۆمیتەی دەرەوەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن خاتوو هەمینە ڕەسوڵی.
ـ پەیامی پارتی دێموکراتی کوردستان لە لایەن سۆران ئەدیب قەرەداغی.
ـ پەیامی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان لە لایەن بەڵێن.
ـ پەیامی بزووتنەوەی گۆڕان لە لایەن هیوا ناسراو بە فەرهاد.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا چەند گرتەی ڤیدیۆییەکی تایبەت بە پێشمەرگەی کوردستان کە لە لایەن مەولود عەبدیلزادەوە لەسەر ژیانی پێشمەرگە و قارەمانێتی پێشمەرگەی کوردستان ئامادەکرابوو، نیشان درا.
پاشان ئەم برووسکانەی خوارەوە پێشکەش کران:

ـ برووسکە و چەپکە گوڵ لە لایەن کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران.
ـ برووسکەی یەکیەتیی کۆمەڵەی کوردی لە شاری ئۆریبرۆ.
ـ برووسکەی ماڵپەڕی خاکەلێوە.

شایانی باسە لە نێوئاخنی ڕێوڕەسمەکەدا چەندین پارچە شێعر لە سەر بەرز و پیرۆزیی ناوی پڕ لە شانازیی پێشمەرگە لە لایەن خاتوو هەمینە و شنۆ سەحرایی خوێندرانەوە.
کۆتایی ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێ کۆتایی پێهات.