کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژی کەمئەندام

10:39 - 15 سەرماوەز 2720

لوقمان مێهفەر

ئەمساڵ دوو ساڵی تەواو بەسەر دیاریکردنی ڕۆژیک بە ناوی "ڕۆژی کەمئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" تێپەر دەبێت. دیاریکردنی ئەم ڕێکەوتە واتە ١٦ی سەرماوەز، لەلایەن ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بە پەسەند گەیشت و دوو مەبەستی سەرەکیی هەبوو: مەبەستی یەکەم، ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی ئەو تێکۆشەرانەی ڕێگای ئازادی و ڕزگاریی گەلی کورد کە ئەندامێکی لەشیان یان بەشێکی جەستەیان لە مەتەرێزی بەرگری و بەگژداچوونەوەی دوژمنی داگیرکەردا لەدەست داوە.  مەبەستی دووەم، نیشاندانی نێوەڕۆکی دزێو و سامناکی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە بۆ ڕای گشتی کە لە ڕێگای توندوتیژی و تێرۆر و ڕەشەکوژییەوە جڵەوی سەرکوتی گەلانی ئێرانی تا ئێستا بەدەستەوە گرتووە و لە هەزاران جینایەت و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییەوە گلاوە.

١٦ی سەرماوەز بیرهێنەرەوەی ڕۆژێکی ڕەشە. ڕۆژێک کە ڕێژیمی ئێران کتێب بە بارمتە دەگرێت و دێڕ بە دێڕی وشەکێش دەکات و دەروونی ڕەشی خۆی تێدا بە وێنەی باڕووت و بۆمبۆکە تێدا دەچێنێت و بە دەستی خیانەتکارێک دەینێرێتە دەستی فەرماندەیەکی ئازا کە لە مەیدانی شەڕ و بەربەرەکانێدا لە ئاستیدا بەچۆکدا هاتبوون. ئەو فەرماندەیە کادرێکی دێرین و شۆڕشگێڕێکی ڕووناکبیر و کەسایەتییەکی بڕواپێکراوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو. کاک مەلا "حەسەن شیوەسەڵی" ناوێک کە زیاتر لە جاران ئاشنایە و جێی شانازی و لێفێربوونە، بەڕێزیان سەمبولی ئەو ڕۆژەیە و وەک قوربانییەکی دەستی تێرۆری ڕێژیمی ئێران کە دووچاری کەمئەندامی هات، بەڵام هاوشانی هاوسەنگەرانی بە خۆڕاگری و ئیمانی پۆڵایینییەوە نەک لە ڕێگا و ڕێبازی حیزبەکەیدا بەردەوام بوو، لە تێکۆشان بەڵکوو زیاتر لە جاران ڕێنوێن و سەرمەشقی خەباتکاران و لاوانی کوردستان بوو کە بە دڵگەرمییەوە هانی دەدان ڕێبواری ئەو کاروانە بن تا گەیشتن بە ئامانج.

لەو ڕۆژەدا وێڕای بەرزنرخاندنی خەبات و تێکۆشانی سەرجەم کەمئەندامانی حیزبەکەمان، سەری ڕێز لە بەرامبەر خۆڕاگری و وەفادارییان دادەنوێنم و ئاواتەخوازم ئەو ئامانجانەی لە پێناویدا تێکۆشاون بێنە دی.

لەم یادەدا بە پێویستی دەزانم ئاوڕێک لە ڕابردوو بدەمەوە و لە بیروباوەڕ و قارەمانیەتیی کەمئەندامێکی سەنگەر بدوێم کە چاونەترسانە لە ڕەوتی خەباتدا لە تێکۆشانی سەختی خەباتی چەکداریدا بەشدار بوو. لەبەر هێندێک هۆ ناتوانم بەتەواوی بپڕژێمە سەر وردەکارییەکان و لە ناو هێنانی خۆ دەبوێرم.

وەرزی بەهار بوو و بەفری بناری چیاکانی کوردستان بە پۆستاڵی پاسداری داگیرکەر ڕەش دەبۆوە. دوژمن لە دوو بەرەوە هێرشی بۆ سەر گوندە ئازادکراوەکانی ناوچەی پیرانشار دەست پێکرد: بەرەی یەکەم، لە پەسوێوە بەرەو بەردەکانی خورینج و ئاواییەکانی خورینج، کێلەسپیان، گردەبن، دایێ‌ شێخی و شێڵمجاڕان. بەرەی دووەم، لە پایەگای ساکانە‌وە بەرەو دۆڵی قەرەخدر.

هەردوو بەرە هاوکات لەگەڵ یەکتر کاتژمێر ٥ی سەرلەبەیانی هێرشیان دەست پێکرد. گوندەکانی "گەنەداری مەنگوڕان، میشەدێی خوارێ، قەرەخدر و تووژەڵێ" لەلایەن تۆپخانەکانی چیانە و کەوپەڕ بەتوندی تۆپ و خومپارەباران دەکران، دواتر هێزی پیادە لە "پایەگای ساکانـ"ـەوە زاڵ بەسەر ناوچەی پیران و بەشێک لە ئاواییەکانی ناوچەی نەڵێن و لاجاندا هێرشی دەست پێکرد. شەڕێکی دەستەویەخە و خوێناوی لە ئارادایە. دوای چەند کاتژمێر شەڕ، دوژمن لە هەر دوو بەرەدا ناچار بە پاشەکشە کرا. لەو شەڕەدا چەند پێشمەرگەیەک و چەند کەس لە هێزی بەرگریی میللی شەهید و بریندار بوون. لەنێوان بریندارەکانیشدا بەداخەوە چەند کەس دواتر بەهۆی قورسیی برینەکانیان کەمئەندام بوون.

ماویەک دوای تەواوبوونی شەڕەکە لەلایەن یەکێک لە بریندارەکانەوە نامەیەکم بۆ هات نوسیبووی: "کاکە لەو کەسانەی کە بەڕێکراوین بۆ نەخۆشخانەی حیزب بەداخەوە یەکێک لە هاوڕێیانمان گیانی لەدەست دا و ئەوانەی دیکە شوکور باشین و لە عەمەل دەرچووین و ئینشاڵڵا بەو زووانە دەگەڕێینەوە بۆ سەنگەری بەرگری و خەباتی ڕەوامان". لەژێرەوە بە ڕەمزێک نووسیبووی: "برات...".

زۆر خۆشحاڵ بووم بەو هەواڵە، جارێکی دیکە نامەکەم خوێندەوە‌ و لە خۆشییان شاگەشکە بووم، بەڵام لە ڕەمزەکە تێنەگەیشتبووم. هاوسەرەکەم لێی پرسیم: "چییە؟ ئەو خەبەرە خۆشەمان پێ بڵێ". وتم فڵان کەس نامەی ناردووە، جیا لە فڵانە کەس ئەوانەی دیکە هەموو لە عەمەل دەرچوونە. دەقی نامەکەم بە دەنگی بەرز بۆ خوێندەوە تا ئاخر وتم برات...؛ خێزانم وتی: "دەزانی ئەو ڕەمزە یانی چی؟"، وتم: "نا، باش لێی تێنەگەیشتم مەبەستی چییە". وتی: "یانی فڵان ئەندامەی جەستەی لەدەست داوە". ئەمجارە کە لێی ورد بوومەوە دیتم ڕاست دەکات. زۆری پێ ناڕەحەت بووم و بەجارێک ماتەم و خەمی ئەو ڕووداوە سەراپای گیانی داگرتم.

شەهید "سولەیمان ڕەسووڵی" ناسراو بە "سولەیمان چکردە"، تایبەتی چووبوو بۆ کوێستانەکانی دۆڵەڕەشی و کانێ‌ زەرد کارگ و کووڕادەی هێنابوو، منیش وا کارگم پێ خۆشە و "خەجیجـ"ـیش تایبەتی لێیناوە، بەڵام هەرچی دەمکرد نەمدەتوانی نان بخۆم. کاک "سولەیمان" هەر دەیوت: "کاکە دەوەرە با نانەکەی بخوێن"، بەڵام لە تاوی ئەو هاوسەنگەرەی هاوڕێم و لە حەسرەت و ناڕەحەتیان بۆم نەخورا. ئەو ژەمە غەمێکم چەشت کە ئێستاش ژانەکەی لەسەر دڵمە و لەیاد ناچێتەوە. هەرکاتێکیش دەیبینم یان دەیدوێنم هەست دەکەم کە کێوی ورە و بڕوای، شکۆی هەیبەت و قەڵافەتی جوامێرانەی هەروا بەرز و پتەو ڕاگرتووە و بە ئومێدی گەیشتن بە ئاسۆی ڕزگاریی گەلەکەی وەفادارانە درێژە بە ڕێبازی هاوسەنگەرانی دەدات.

بەهیوای سەلامەتی و وەدیهاتنی ئاواتەکانی سەرجەم کەمئەندامانی حیزبەکەمان و سڵاو لە ئیرادەی بەرزی خۆڕاگرییان کە لەپێناو ڕزگاری و ئازادژیانی گەل و نەتەوەکەیاندا خۆیان کردە قەڵغان و لە لاپەڕەکانی مێژوودا سەروەرییان تۆمار کرد. سەری ڕێز و کڕنۆش لە ئاستیاندا دادەنوێنم.