کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژی کەمئەندامانی حیزب بەرز ڕاگیرا

17:34 - 16 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: لە یەکەمین یادی ناودێرکردنی ڕۆژی ١٦ سەرماوەز، وەکوو ڕۆژی کەمئەندامانی حیزبی دێموکرات، لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتدا و بە بەشداریی کۆمەڵێک کەسایەتیی ناسراو، سێمینارێک بۆ ڕێزگرتن لە کەمئەندامانی حیزب بەرێوەچوو.

پیشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ١٦ی سەرماوەز، بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزب، کەمئەندامان، کادر و پێشمەرگە و میوانان سێمینارێک لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ڕۆژی کەمئەندامانی حیزبەوە بەڕێوەچوو.

ئەم سێمینارە لە سێ بڕگەدا بەڕێوەچوو.

لە بڕگەی یەکەمدا، "لوقمان مێهفەر"، ئەندامی هەیئەتی ئیجرائیی ناوەندی سیاسیی حیزب سەبارەت بە کەمئەندامانی حیزب چەند وتەیەکی پیشکەش کرد.

ناوبراو لە قسەکانیدا ویرای ئاماژە بە کەسانێک کە لە مەیدانی خەباتدا بەسێک لە ئەندامانی جەستەی خۆیان لە دەست داوە وتی: بەندکراوانی سیاسی یان ئەو کەسانەی کە بەدیل گیراون، ئەو کەسانەی کە لە نێو ماڵەکەی خۆیاندا لە ئاکامی هیرشی فڕۆکە و تۆپباراندا ئەندامی خۆیان لە دەست داوە، کەسانێک کە لە کاتی بەرێوەبردنی ئەرکی حیزبیدا، کەوتووونەتە سەر مین و ئەندامیان لە دەست داوە هەموویان وەکوو کەمئەندام بەئەژمار دێن و دەبێ ڕێزیان لێ بگیردرێت.

دواتر، "شێرکۆ شیخ نووری" جێگری کۆمەڵەی پێشمەرگە کەمئەندامەکانی سەنگەر، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و وێرای ڕێزگرتن لە خەباتی حیزبی دێموکرات و قوربانیدانی حیزب، وتی: کەسانێک کە بۆ بەرگری و لە پێناودا خاکدا ئەندامێکیان لە دەست دەدەن، کەمئەندام نین و جێگای ڕێز و حورمەتن.

لە بڕگەی کۆتاییدا، "عەلی ئەشرەف مەجیدی" فەرماندەی دێرینی حیزب، ویڕای دەستخۆشی لە حیزب بۆ ناودێرکردنی ئەم ڕۆژە و هەروەها باس کردن لە هەوڵەکانی حیزب بۆ ناردنی برینداربووانی ڕەوتی خەبات بۆ دەرەوەی وڵات و وەرگرتنی چارەسەر باسی لەوە کرد کە دەبێ ئاوڕی زیاتر لە کەمئەندامان بدرێتەوە .

لە ڕۆژی ١٣ی سەرماوەزی ٩٧دا ، ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات، بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک لە ساڵڕۆژی ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ٦٦دا، ڕۆژی تێرۆرکرانی کاک "مەلا حەسەن شیوەسەڵی"ی وەک ڕۆژی کەمئەندامانی حیزب دیاری کرد و ئەمساڵ ئەمە یەکەمین کۆڕی ڕێزگرتن لە کەمئەندامانی ڕەوتی خەبات بوو کە لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتدا بەڕێوەچوو.