کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز لە وڵاتی ئیتالیا بەرز ڕاگیرا

15:09 - 30 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: بە مەبەستی ڕێزگرتن لە یادی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان و هەروەها ڕێزلێنان لە ڕۆژی ئاڵای کوردستان لە وڵاتی ئیتالیا ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٨ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی، بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان و هەروەها ڕێزلێنان لە ڕۆژی ئاڵای کوردستان، چالاکییەک لە وڵاتی ئیتالیا بەڕێوەچوو.

تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئیتالیا بۆ ئەو مەبەستە بە شێوەیەکی سیمبولیک ڕێپێوانێکی بۆ ئەندامانی حیزبی دێموکرات لەو وڵاتە وەڕێخست کە لەو ڕێپێوانەدا کۆمەڵێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات بەشداریان تێدا کرد.

لەو ڕێپێوانەدا ئەندامانی حیزبی دێموکرات ئاڵای کوردستانیان لە سەر لوتکەی یەکێک لە بەرزترین دوندەکانی چیای ئاڵپ هەڵدا و بەو رێپێوانە رێزیانلە خەباتی بێوچانی پێشمەرگە گرت.

دوای هەڵدانی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە چیای ئاڵپ کۆمەڵێک باسیان لەسەر خەباتی پێشمەرگە و گەورەیی ناوی پێشمەرگە هێنانە بەر باس و پەیمانیان لەگەڵ حیزب و گەلەکەی خۆیاندا نوێ کردەوە کە بۆ هەمیشە پارێزەری ئاڵای کوردستان بن و بۆ گەیشتنی گەلەکەمان بە مافەکانی خۆی، بە شانازییەوە هەر چرکەیەک خۆیان بە پێشمەرگە بزانن.

لەو ڕێوڕەسمەدا، مەنسوور عەزیزی، بەرپرسی تەشکیلاتی گشتیی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی کەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات بەشداری ئەو چالاکییە بوو.