کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆڵی ئاژاوەگێڕانەی ڕێژیمی ئێران هۆکاری پێشێلکردنی ئاگربەستە لە وڵاتی یەمەندا

18:48 - 2 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتی یەمەن، سەرەکیترین هۆکاری پێشێلکردنی ئاگربەستی حوسییەکانە لەو وڵاتە.

شازادە خالید بن سەلمان، باڵوێزی پاشایەتیی عەرەبستانی سعوودی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە دوو تویتی جیاوازدا لە تۆڕی تویتێری خۆی ڕایگەیاند، میلیشیا حوسییەکانی سەر بە ئێران لە وڵاتی یەمەن تەنیا سێزدە (۱۳) کاتژمێر پاش پێبەندبوون بە ئاگربەست لەو وڵاتە، بە هۆکاری هاندانیان لە لایەن ئێرانەوە ئاگربەستەکەیان پێشێل کرد.

شازادە بن سەلمان، لە تویتێکدا سەبارەت بە ڕۆڵی ئاژاوەگێڕانەی ئێران، نووسیویەتی: "چەکدارە حوسییەکان کە ئێران پاڵپشتییان لێوە دەکات، ئاگربەستیان ڕاگەیاندبوو و پێبەندبوون بەوەی کە هەموو هێرشە مووشەکییەکانیان بۆ سەر وڵاتانی هاوپەیمانی عەرەبی و هێزەکانی یەمەن ڕابگرن. سێزدە کاتژمێر پاش ئەو ئاگربەستە یەکەم مووشەکیان ڕەوانەی شاری "میدی" کرد. ئەو کردارەی حوسییەکان نیشانەی درۆزنی و پێشێلکردنی ئەو پێبەندبوونەیە".

باڵوێزی پاشایەتی عەرەبستانی سعوودی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە تویتێکی تردا ڕایگەیاند، بڕیاری پێشێلکارییەکان ڕاستەوخۆ لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بووە و نووسیویەتی: "ئەم بڕیارە لایەن ئەو هێزانەی حوسییەکانەوە بووە کە لە لایەن ڕێبەرە ئێرانییەکانیانەوە بەڕێوە دەچن".

ناوبراو لە درێژی تویتی دووهەمدا لە سەر دووڕووییەکانی بەرپرسانی سیاسی و سەربازی ڕێژیمی ئێران، نووسیویەتی: "لە کاتێکدا وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران هەموو شێوە دەستێوەردانێکی ئەو ڕێژیمە لە وڵاتی یەمەن ڕەد دەکاتەوە، حوسەین سەلامی جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران بە شانازییەوە دامەزراندنی بنکە نوێیەکانیان لە دەریای ناوەڕاست تاکوو دەریای سوور، ڕادەگەیەنێت".

جێگای ئاماژەیە کە پێشتر چەندین جار کاربەدەستانی پلەبەرزی سیاسی و سەربازیی وڵاتی یەمەن ناڕەزایەتی خۆیان لە هەمبەر دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەستدرێژییەکانی ئەو ڕێژیمە بۆ سەر وڵاتەکەیان دەربڕیوە.