شاندی دەستەی دەستپێشخەری كۆنفڕانسی نیشتمانیی كوردستان سەردانی حیزبی دیمۆكراتیان كرد و لەو دیدارەدا باس بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان کرا.
ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی ۲۷ی ڕەشەمەی ۱۳۹۹ی هەتاوی شاندێكی دەستەی دەسپێشخەری كۆنفڕانسی نیشتمانیی كوردستان بە سەرپەرەستیی "سمكۆ ڕەشید" سەردانی حیزبی دێموکراتی كوردستانی ئێرانیان كرد و لەلایەن وەڤدێكی حیزبی دێموکراتەوە بە سەرپەرەستیی "حەسەن شەرەفی "جێگری یەكەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێكرا.
سەرەتا، شاندی میوان مەبەستی سەردانەكەیان كە پێكهابوو لە بەرنامەی كار؛ بۆ لێكنزیکردنەوەی هێز و لایەن و كەسایەتییە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی ڕوون كردەوە.
دواتر "شەرەفی" وێڕای سپاس و پێزانین لەمەڕ هاتنی شاندی میوان باسێكی سەبارەت بە سیاسەت و هەڵوێستەكانی حیزبی دێموكرات لە پەیوەندی بە پاراستنی باڵای بەرژەوەندییە نەتەویی و نیشتمانییەكاندا پێشکەش كرد.
جێگری یەكەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات ئاماژەی بە سەرجەم ئەو كردەوانەی حیزب كرد كە لە ماوەی خەبات و تێكۆشانیدا بە مەبەستی بڕەو پێدان بە پرسی كورد لە ئاستی نێونەتەویی و ناوچەیی ئەنجامی داوە و هاوكات ستراتیژیی نەگۆڕی خۆی؛ بەرژەوەندی نەتەویی، لە هەموو بەشەكانی كوردستانی پێش هەر چەشنە بەرژەوندیی حیزبیی خۆی داناوە.
"شەرەفی" وەک نموونە ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی حیزب لە سەردەمی ڕێژیمی پێشووی عێراقدا كرد كە سەربەرزانە بەڕێوەی برد و لەسەر حیسابی هیچ لایەنێک نەبوو.
شاندی میوان دەور و ڕۆڵی حیزبی دێموكراتیان لە بزوتنەوەی نەتەویی كوردستاندا بەرز نرخاند و سپاسی پێشوازیی گەرمی حیزبیان كرد.
لە دیدارەکەدا جەخت لەسەر بەهێزتركردنی پەیوەندیی دۆستانەی هەر دوو لا كرایەوە.