ماریا وەیسی
کوردستان وڵاتی کوردان کە شوێنی ژیوار و کولتووری مێژینەی خەڵکانێکی کۆن بە ئاواز و مۆسیقا و وێژە و ئایینی جیاوازە کە ڕۆڵی سەرەکی لە ژیواری مرۆیی هەبووە کە بەپێی سەرچاوە دیرۆکییەکان و لە پەرتووک و شوێنەوارە مێژووییەکان و لێکوڵینەوەی مێژووناسان ئەم ڕاستییە پشتڕاست دەکەنەوە کە جوغرافیای کوردستان دەڤەرێکی کولتووریی کۆنە لە ڕەوتی گەشەسەندن و سەرهەڵدانە سەرەتاییەکانی مرۆڤایەتی کە پێشتر زاگرۆس و زاگرۆسنشینان لە ژیانەوەی سروشت و کۆمەڵگای مرۆیی ڕۆڵێکی گرینگی هەبووە. بەڵام لە ساتەوەختی گۆڕینی جیهان لە سەردەمی مۆدێڕن و هاتنە ئارای جیهانێکی نوێ کوردستان دەکەوێتە پراوێزی مێژوو، ئەم وەرچەرخانە فێکری و هزرییە لە جیهانی نوێدا گۆڕانکارییەکی بنەرەتیی لەسەر پێناسەی نەتەوە و دەسەڵات و نیشتمان دانا، مرۆڤەکان مانەوە و بوونی نەتەوەکان و وڵاتەکان دەبێتە ئامانجی سەرەکیی سیاسەتوانان، لە هەمان کاتدا بەرژەوەندی و کێبرکێ بۆ زیاتر وەدەستخستنی سەرچاوە سروشتی و مرۆییەکان، سیاسەتی وڵاتان بەنیسبەت یەکترەوە گرژتر و توندتر دەکات، لە ئاکامی ئەم وەرچەرخانە کەڵکی ناڕەوا لە نەتەوەگەرایی، بیرۆکەی داگیرکاری و باڵادەستی لەنێو وڵاتە دروستکراوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کوردستان بە چواربەش دابەش دەکات و ئەم دابەش بوونە لە چەندین قوناغ و پرۆسەی زنجیروار تەواوکەر دەبێت هەر لە پەیماننامەی زەهاو لە ساڵی ١٦٣٩ی زایینیدا لەنێوان حەکوومەتەکانی سەفەوی و عوسمانی لە شەڕی چاڵدێران دابەش دەکرێت، ئەم پرۆسە نەگریسە دوای شەڕی یەکەمی جیهانیشەوە لە ساڵەکانی ۱۹۱٥ و ۱۹۱٦ بۆ جارێکی تر کوردستان لەت لەت دەکات.
کورد یەکێک لەو نەتەوانە دەبێت کە دژی گرێبەستێکی ڕەش لە مێژووی جیهانی نوێ ڕادەوەستێت و بانگێکی دێموکراتیک و جیاواز لە نەتەوەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوین بەرز دەکاتەوە کە دەتوانین بە جۆرئەتەوە بڵێین کولتووری بەرخۆدان و خەباتی دێموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی نوێدا بانگگەشە دەکات و پێچەوانەی نەتەوەگەرایی نەتەوەی فارس، تورک و عەرەب لەسەر ئەساسی مافویستی و دێموکراسی دادەمەزرێت. لە هەمان کات لە ئەزموونی گەلانی دێموکراتیک و هزری مودێڕن لە ڕەوتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی خۆی کەڵک وەردەگرێت.
پێشمەرگە چەمکی بنەڕەتی لە گەشەسەندنی بیری نەتەوەیی، مانەوەی نەتەوەی کورد و بەردەوامی خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکانی گەلی کورد ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت.
نوێگەرایی و پوویایی بزاڤی نەتەوایەتیی کورد لە کاکڵەی ئەم بزووتنەوەیەدایە کە هەردەم چەمک و هێمای نوێ ئاراستەی ژینگەی سیاسیی کوردستان دەکات وەک پێغەمبەری ئاشتی، مامۆستای شەهید و ژینگەپارێزی شەهید بەڵام پێشمەرگە یەکێک لەو چەمکانەیە کە لە ڕۆژێکی گرینگ لە دژی عەقڵییەتی داگیرکەر لە کۆماری کوردستان دەبێتە ڕەمزی مانەوە و بەرخۆدانی نەتەوەیەکی دێرین و کڤنار لە جوغرافیایەکی داگیرکراو کە تا ئێستا ئەم شۆڕشە درێژەی بە خەباتی دێموکراتیک و جەماوەریی خۆی داوە و تێکۆشانی بێوچان و لەبڕان نەهاتووی هێزی پێشمەرگە دژی پرۆسەی چەوساندنەوە و تواندنەوەی شوناسی گەلی کورد لە هەموو ژیانی کومەڵایەتی گەشتێندراوە و پێشمەرگە ڕادیکاڵترین شێوازی خەباتکردنە لە هەموو وەرزەکانی خەبات.
پێشمەرگە ئەو کەسەیە کە ئیرادەی سەربەخۆ لە بڕیاردان بۆ ژیانی تاکەکەسی و بە کۆمەڵ وەک فەزیللەتێکی فکریی خۆی پێناسەی دەکات. لە کۆتاییدا تێکۆشانی فیداکارانەی ئەم ڕۆڵە ئەمەگناسەی نیشتمان دەبێتە وانەی ئەخلاقی بۆ ئێستا و ئایەندەی وڵاتەکەمان.
"کوردستانەکەم مایەی حەیاتم
پێشمەرگایەتی مایەی نەجاتم"
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.