کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لە پەرەسەندنی ماددەی هۆشبەردا

13:29 - 22 جۆزەردان 2721

بێهزاد قادری

ماوەیەکی تر دەورەی سەرکۆماریی "حەسەن ڕووحانی" کۆتایی پێ دێت و یەکێکی تر لە مۆرە سەرەکییەکانی ڕێژیمی ئێران دێتە سەر کار؛ هەرچەند پرۆسەیەکی بەناو هەڵبژاردن بەڕێوە دەبەن، بەڵام بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرایە کە ئەمە تەنیا شانۆیەکە و ئەوە خەڵک نین کە هەڵدەبژێرن بەڵکوو خۆیانن کە دیاری دەکەن. لە ماوەی ئەم ٤٢ ساڵەشدا ئەوە سەلمێندراوە کە بە هاتنە سەرکاری هەر سەرکۆمارێک، نەتەنیا دۆخی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێران بە شێوەی پۆزەتیڤ گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، بەڵکوو دۆخی ئێران لە هەموو بوارێکەوە بەرەو خراپتربوون چووە، بە واتایەکی تر لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا گرینگ نییە کە چ کەسێک ببێتە سەرکۆمار، چونکە چوارچێوەکە هەمان چوارچێوەیە و دۆخەکە هەمان دۆخە و بگرە خراپتر.

"حەسەن ڕووحانی" بۆ هەشت ساڵ دەبێت کە سەرکۆماری ئێرانە و بەو جۆرە هاتە مەیدانەوە کە کلیلی هەموو قوفڵێکی پێیە، بەڵام هەمووان دەزانین کە لە ئێستادا دۆخی ئێران چۆنە. لێرەدا تەنیا ئاماژە بە چەند نموونەی خراپتربوونی دۆخی ئێران لە دەورانی سەرکۆماریی "حەسەن ڕووحانیـ"ـدا دەکەم: "ڕێژەی گەشەی حەشیمەتی ئێران کەم بووەتەوە و تەنانەت باس لەوە دەکرێت کە گەیشتووە بە سیفر. داهاتی سەرانەی وڵات بە ڕێژەی ٣٤ لەسەد کەم بووەتەوە. ڕێژەی هاوسەرگیری ٢٣ لەسەد هاتووەتە خوارەوە. توانای کڕینی خەڵک ٨٠ لەسەد کەمی کردووە. بەرهەمهێنانی بەرق ٢٨ لەسەد کەمی کردووە. ڕەخساندنی هەلی کار ٤٠ لەسەد دابەزیوە. دروستکردنی خانووبەرە ٥٠ لەسەد کەمی کردووە و بایەخی پارەی ئێران ٩٠ لەسەد دابەزیوە و...".

وێڕای هەموو ئەم قەیرانانە، لەم بابەتەدا دەپەرژێمە سەر دۆخی تووشبوون و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە ئێراندا کە لەم ساڵانەی دواییدا بە ڕێژەیەکی سەرسووڕهێنەر پەرەی سەندووە و هۆکاری سەرەکیی ئەم پەرەسەندنە خودی ڕێژیمی ئێران و سپای تێرۆریستیی پاسدارانە، بە واتایەکی تر ئەم ڕێژیمە نەتەنیا لە هەوڵی باشترکردنی ئەم دۆخەدا نییە، بەڵکوو ئەمە سیاسەتێکە کە گرتوویەتیە بەر و خودی سپای پاسداران گەورەترین مافیای ماددەی هۆشبەرە لە ئێران و جیهاندا.

بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە ئێران، لە سەردەمی سەفەوییەکان و بە باوبوونی چاندنی "خەشخاش"، پەرەی سەند و لەو سەردەمەدا وێڕای ئەوەی کە بەکارهێنانی "تریاک و حەشیش" لە قاوەخانەکاندا زۆر ئاسایی بوو، تەنانەت خودی شای ئێران و بەرپرسانی، ئەم ماددەگەلەیان لە دەرباردا بەکار دەهێنا. ئەم ڕەوتە لە سەردەمی قاجاڕەکانیشدا بەردەوام بوو و حکوومەت ڕاشکاوانە پاڵپشتیی لێ دەکرد و خەشخاش لە ١٨ پارێزگای ئەوکاتی ئێراندا دەچێندرا، بە ڕادەیەک کە هەناردەکردنی تریاک یەکێک لە سەرچاوەکانی داهاتی دراوی ئێران بوو. چاندن و فرۆشتنی تریاک لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە تا ساڵی ١٣٢٠ی هەتاوی و چوونە دەرەوەی ڕەزاشای میرپەنج لە ئێران بەردەوام بوو بەڵام ئێستا شێوەی چاندن، بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر لە ئێراندا گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە کە لە درێژەدا ئاماژەی پێ دەکەم.

دوای شۆڕشی گەلانی ئێران (ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی) کۆمەڵێک یاسا بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ ماددەی هۆشبەر لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پەسەند کرا و چاندنی یاسایی خەشخاش لە ئێران ڕاوەستا. لە هەندێک نموونەشدا کەسانێک کە قاچاخی ماددەی هۆشبەر دەکەن، لەسێدارە دەدرێن، تەنانەت ڕێژیم باس لەوە دەکات کە ٧٠ لەسەدی ئێعدامەکان لە ئێران بەهۆی تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەرەوەیە.

بەپێی هەندێک لە ئامارەکان لە ئێستادا (ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی) لە ئێران زیاتر لە ١٢ ملیۆن تووشبووی ماددەی هۆشبەر بوونی هەیە کە دەوترێت ٤ و نیو ملیۆن کەسیان لە بەکارهێنەرانی هەمیشەیین و ١٠ لەسەدی تووشبووان لە ژنانن؛ تەنانەت هەزاران منداڵی تووشبوو بە ماددەی هۆشبەر لە ئێراندا بوونیان هەیە. لەم بوارەشدا ڕێژیمی ئێران هەوڵی چەواشەکاریی داوە و باس لەوە دەکات کە ٢ ملیۆن و٨٠٠ هەزار تووشبووی فەرمیی ماددەی هۆشبەر لە ئێراندا بوونیان هەیە!

ئەم ئامارانە باس لەوە دەکەن کە دۆخی تووشبوون، بازرگانیکردن و بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر لە ئێراندا، بەپێی ساڵانی پێشوو، بە ڕادەیەکی زۆر بەرچاو پەرەی سەندووە و ڕێژیمیش تەنیا بە شێوەی نمایشی لەگەڵ ئەم بابەتانەدا بەربەرەکانێ دەکات. لەم ڕاستایەدا و لە ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا (ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی) هاتووە: "حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەورەترین قاچاخچیی ماددەی هۆشبەرە لە جیهاندا".

بە ڕای من خودی ئەم ڕاپۆرتەی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: "ڕیژیمی ئێران بەپێی نەریتی حکوومەتەکانی بەر لە خۆی (سەفەوییەکان، قاجاڕەکان و پەهلەوی) کاری بەرهەمهێنان و بازرگانیکردنی ماددەی هۆشبەر دەکات". ئەم سیاسەتەی ڕێژیمی ئێران بۆ تووشکردنی خەڵکی ئێران بە ماددەی هۆشبەر بە مەبەستی لارەملکردن و چۆکدادان بە خەڵک بۆ حکوومەتکردن بەسەریاندا و هەروەها بەدەستهێنانی دراو لە ڕێگای هەناردەی ماددەی هۆشبەر بۆ وڵاتانی ناوچە و ئورووپا، لە ڕێگای سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە جێبەجێ دەکرێت. ئەم بابەتە وای لە ئێران کردووە کە ئەم وڵاتە ببێتە یەکێک لە گرینگترین ڕێڕەوەکانی قاچاخی ماددەی هۆشبەر لە جیهاندا و زۆرترین ماددەی هۆشبەری بەرهەمهاتوو لە ئێران، لەلایەن سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامییەوە هەناردەی وڵاتانی ئورووپایی دەکرێت.

گرینگترین بەڵگە بۆ سەلماندنی ئەم بابەتە، دژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامییە لەگەڵ پەسەندکردنی گەڵاڵەی "ئێف ئەی تی ئێف"، کە بەهۆیەوە دەبا ئێران دانی بە ڕۆڵی سپای پاسداران لە قاچاخی ماددەی هۆشبەر و سپیکردنەوەی سەرچاوەکانی داهاتی ئەم کارەدا بنایەت. تەنانەت "حەسەن ڕووحانی" لەمبارەوە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ وتبووی: "کاتێک ماددەی هۆشبەر بوونی هەیە، پارەی پیسیش بوونی هەیە. ئەم پارە پیسە بۆ کوێ دەچێت؟! واتە لە قوژبنێکدا خەریکن پارە سپی دەکەنەوە".

لەلایەکی ترەوە ڕۆژنامەی "تایمز" ڕێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٠ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا نووسی: "قاچاخی ماددەی هۆشبەر ساڵانە میلیاردها دۆلار قازانجی بۆ سپای پاسداران هەیە. قاچاخی ماددەی هۆشبەر لە ئێران بەتەواوەتی لە قۆرخی سپای پاسداراندایە. سپای پاسداران پەیوەندیی لەگەڵ تۆڕە گەورەکانی بەرهەمهێنان و قاچاخی ماددەی هۆشبەر لە جیهاندا هەیە".

هەروەها بەپێی هەڵسەنگاندنی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، نێونجی ڕۆژانە ١٠ تۆن ماددەی هۆشبەر دەهێندرێتە نێو ئێرانەوە کە بەشی هەرەزۆری لەلایەن سپای پاسدارانەوە لە وڵاتدا بڵاو دەکرێتەوە. پەرەسەندنی تووشبوون بە ماددەی هۆشبەر لە سیاسەتەکانی ڕێژیمە تاکوو بتوانێت درێژە بە دەسەڵاتدارەتیی خۆی بدات و بەرەی لاوی وڵات لارەملی خۆی بکات (جێگای ئاماژەیە کە ئەم سیاسەتە لە کوردستاندا بە چڕوپڕی بەڕێوە دەچێت کە بۆ خۆی هەڵگری بابەتێکی تێروتەسەلە). پاسداری تێرۆریست "موحسێن ڕەزایی" (فەرماندەی پێشووی سپای پاسداران و بەربژێری ئەم دەورەیەی سەرکۆماریی ئێران) پێشتر لەمبارەوە وتبووی: "سنوورێک کە لەودا قاچاخی ماددەی هۆشبەر دەکرێت، سنوورێکی دیاریکراوە... ئەم قاچاخە لەنێو ناچێت و تەنیا کاتێک قاچاخی ماددەی هۆشبەر لە ئێراندا بنبڕ دەکرێت کە پەیوەندیی ناوەندەکانی دەسەڵات لەگەڵ قاچاخچییەکانی ماددەی هۆشبەر بپچڕێت".

لە ماوەکانی ڕابردووشدا هەواڵێک بڵاو کرایەوە کە باشتر ڕاستبوونی ئەم بابەتە بۆ خوێنەران دەسەلمێنێت کە لێرەدا ئاماژەیەکی کورتی پێ دەکەم:

بەرپرسانی دەوڵەتی "بولغارستان" دەستیان بەسەر بارێکی ٤٠٠ کیلۆیی هێرۆئینی سەر بە ڕێژیمی ئێراندا گرت. ئەو بارە لەنێو بەردی "مەڕمەڕ"دا شاردرابوویەوە و لە کەنارئاوی "وارنا" لە دەریای "ڕەش" لە چوار کانتینێردا دەستی بەسەردا گیراوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاو بووەتەوە ئەو بارە لە ئێرانەوە نێردراوە و بڕیار بووە لە ئورووپادا بڵاو بکرێتەوە. هەر لەم پەیوەندییەدا "عومەر ئەلحەمیری" فەرمانداری پێشووی پارێزگای دیالەی عێراق لە وتووێژێک لەگەڵ ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەتـ"ـدا ڕایگەیاندبوو: "زیاتر لە ٩٠ لەسەدی مادە هۆشبەرەکان و حەشیش لە ئێرانەوە بۆ عێراق دێت".

لە کۆتاییدا پرسیارێک ئاراستەی خوێنەرانی ئەم بابەتە دەکەم کە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندان: وێڕای ئەم قەیرانە و سەدان قەیرانی تر کە لە ئێران و کوردستاندا بوونیان هەیە و ڕێژیمی ئێران هۆکاری سەرەکیی ئەم قەیرانانەیە، ئایا لە شانۆی هەڵبژاردنی ئێراندا بەشداری دەکەیت و دەنگ بە بەردەوامیی تووشبوونی لاوانی ئێران و کوردستان بە ماددەی هۆشبەر دەدەیت؟! ئایا دەنگ بە گەورەترین حکوومەتی قاچاخچیی ماددەی هۆشبەر لە جیهاندا دەدەیت؟!

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.