کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆڵی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران لە ئێران و پەرەپێدانی تێرۆریزم لە ناوچەکە

11:34 - 29 خاکەلێوه 2719

ڕێبوار مەسعودی

سپای تێرۆیستی پاسداران، باسکی سەربازیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و ناوەندی ئایینی جێگیر لە شاری قوم، کە لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینی (۱۳۵۷ی هەتاوی) توانی بە ڕێبەری ڕۆحوڵڵا خومەینی دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرێ، ناوەندی ئیئۆلۆژیی ئەم ڕێژیمەیە. ئەو خەسار و قەیرانانەی کە سپای پاسداران ھۆکاری بووە، زیاتر لەوانەیە کە داعش ئەنجامی داوە، جیا لەوەی کە سپای تێرۆریستی پاسداران پاڵپشتی لە حیزبوڵڵای لوبنان و حەماسیش دەکات، لقی قودسەکەی کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران چالاکیی تێرۆریستی دەکات و ژمارەی ھەرە زۆری ھێزی میلیشیای لە ناوچەکە پێک ھێناوە، فێرگە و پەروەردەی تێرۆریستی بۆ رێک خستوون، چەک و پارەیان پێ دەدات. بەشێک لەو ڕێکخراوە میلیشیایانەی کە لە ناوچەکە پێکی هێناون بریتین لە: هێزی فاتمیون کە لە ئەفغانەکانی دانیشتووی ئێران پێک هاتوون، حەشدی شەعبی لە عێراق و... ، جیا لە لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران کە پێشتریش باس کرا و لە ناوچە بڵاو بووەتەوە و بەتایبەت لە سووریە داکۆکی لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد دەکات و ئێستاش خەریکی شەڕکردنە.

سپای تێرۆریستی پاسداران بە ھۆی کاریگەریی لە قووڵاییی ناوەندە سیاسی و ئابوورییەکاندا لە ئێران و ھەروەھا بە بەدەستھێنانی میلیاردھا دۆلار لە لایەن بەرپرسان ئایینی لە ئێراندا بەھێزتر بووە. سپای پاسداران ھەروەھا بەرنامەی چەکی ناوکی، مووشەکی، شیمیایی و بیۆلۆژیکی لە ئێراندا لە ژێر دەسەڵاتی ڕەشی خۆی گرتووە، لە کاتێکدا کە ڕێکخراوی تێرۆیستی داعش لە سووریە و عێراق لە نێو بچێت و کۆتایی پێ بێت، سپای تێرۆریستی پاسداران جێگای ئەو دەگرێتەوە و ھێزە میلیشیا شوێنکەوتووەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، سێبەری تێرۆریستی تاریکتر لە داعشی خۆیان لە جیھاندا بڵاو دەکەنەوە، ھەوڵ و تێکۆشانی کۆمەڵگای جیھانی و نێونەتەوەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێران دەبێت بە گورزوەشاندنێک لە سپای پاسداران کە وەکوو بڕبڕەی پشتی رێژیمی تولیتاریزمی حاکم و ئەو گرووپە میلیشیا سەربازییانە کە شوێنێ کەوتوون.

کەسانێک کە لە فایلەکانی پاڵپشتیی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆریزم و چالاکییە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمە لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی ناوچەکە و جیهان بەگشتی و ھەوڵەکانی تاران بۆ پێشگرتن لەسەر ڕێگای حکوومەتە ڕەواکان کە لە ناوچەکەدا گرتوویەتییە پێش، بێگۆمان تێگەیشتوون کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران شوێن و ژووری ھاوبەشی ھەموو ئەم چالاکی و هەوڵە تێرۆریستییانەی هەیە.

حکوومەتی ئێران، داھاتی ساڵانەی سپای پاسدارانی زیاد کردووە، ئەم کردەوەیە بە واتای ئیرادەی جیددی سپای پاسداران بۆ دەستێوەردانی زیاتر لە وڵاتانی ناوچەکە و بەردەوامبوونی چالاکییە تێکدەرانەکانییەتی لە ناوچەکەدا، سەرمایە و پارەی ھەرە زۆر و زیاتری سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ پێکھێنان و پاڵپشتی لە گرووپە چەکدارەکان لە سەرانسەری جیهاندا خەرج دەبێت، بێگۆمان بەم جۆرە ڕاستەوخۆ لەسەر بارودۆخی ئابووری لە ئێراندا و دۆخی ژیانی خەڵکی ئێران کاریگەری دەبێت.

رێژیم لە کاتی بە دەسەڵات گەیشتن بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازی لە نێوخۆی ئێران و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و تەنانەت جیهانیش، بۆ بەدەستھێنانی ئامانجە گڵاوەکانی خۆی لە ڕێکخراوی تێرۆریستی سپای پاسداران کەڵکی وەرگرتووە، لە ڕەوانگەی ئامریکا و کۆمەڵگای نێونەتەوەیییەوە جێگرتنی سپای تێرۆریستی پاسداران لە لیستی ڕەشی رێکخڕاوە تێرۆریستییەکان یان بە واتایەکی تر خستنە نێو لیستەی ڕەشی تێرۆریستیی سپای پاسداران، بە هەبوونی پەیوەندی و ھاوکاریی وڵاتان و کۆمپانیاکانی جیهان لەگەڵ سپای پاسداران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی و بە هۆی سزا یاسایییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران و سپای پاسداران، بازرگانی لەگەڵیان بە تاوان هەژمار دەکرێت و سزای هەیە.

بەم بۆنەوە بەرکەوتنی ئەگەری ھێزەکانی ئامریکا لەگەڵ بنکە و کەسایەتییەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە نێوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، شوێنکەوتووی جیاوازی ھەیە و ڕوبەڕووبوونەوە لەگەڵ بکەرە تێرۆریستییەکان لە قەڵەم دەدرێت.

سپای تێرۆریستی پاسداران، تەنیا ڕێکخراوێکی تێرۆریستی جیھانە کە ھێزی زەمینی و دەریایی و ئاسمانیی ھەیە، نەک ئەوەی کە خۆی گرووپێکی تێرۆریستییە کە تەنانەت ئەمنیەتی و ئاسایشی خەڵکی ئێرانی لە ژێر دەستی خۆی خستووە و بە کەڵکوەرگرتن لەم دەسەڵاتەی خۆی لە ئێراندا حوکمڕانی دەکات و ساڵانە گیانی سەدان و هەزاران کەس لە خەڵکی ئەم وڵاتە بۆ مانەوەی نیزامی سەرەڕۆی زاڵ بەسەر ئێراندا دەگرێت و داھاتی حکوومەتیی کە دەبێت بۆ پێشکەوتن و ئارامی و ئاسایشی ئەم نیشتمانە خەرج بکرێت، دەخرێنە سەر حەسێبە بانکییەکانی تێرۆریستەکان و بە پاڵپشتی لە گرووپە تێرۆریستییەکان لە ناوچەکەدا وەکوو حیزبوڵڵای لوبنان، حەماس و جیھادی ئیسلامی لە فلستین، هێزە میلیشیاکان لە عێراق و شێعەکانی ئەفغانستان، ھاوکاریکردنی ئەوان لە ڕاستای دەستێوەردان لە کاروباری سیاسیی نێوخۆیی وڵاتانی ناوچە و ئەنجامدانی چالاکیی تێرۆریستی لەم وڵاتانە، مەترسی جیددیتر و بەروپێشچوونی خەلافەتی ئیسلامیی داعش بۆ مرۆڤایەتی هەژمار دەکرێت.

خەبات و تێکۆشانی نەتەوەی کورد لە ڕاستای خەباتی دژبە تێرۆریزم بووە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بە ڕێبەرایەتی دوکتور قاسملوو خەباتی خۆی لەگەڵ رێژیمی تولیتاریزم دەست پێ کردووە، ھەر لە سەرەتای دەستپێکییەوە ڕایانگەیاند، کە ئەم خەبات و تێکۆشانە شەڕ لەگەڵ تێرۆریزمە، ئەمە شانازیەکە بۆ نەتەوەی کورد و حیزبی دێموکرات کە لە چوار دەیەی ڕابردوودا ھەزاران کەس بۆ خەبات لەگەڵ رێکخراوی تێرۆریستی سپای پاسداران وەکوو گەورەترین ڕێکخراوی تێرۆریستی جیهان، گیانی خۆیان بەخت کردووە و ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد ھەمووکات لە ڕێگای خەبات و بەربەرەکانێ لەگەڵ تێرۆریزم و تێرۆریستان گیانی خۆیان بەخت کردووە، تێرۆری ڕێبەرانی کورد و بەتایبەتی ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆردمانی مەقەڕ و بنکەکانی حیزبی دێموکرات، بە کردەوە نێشاندەر و سەلمێنەری ئەوەیە کە حیزبی دێموکرات چۆناوچۆن لەگەڵ وەها رێژیمێک و ڕێکخراوێکی تێرۆریستی پەیوەندیدار بەو رێژیمە تۆتالیتارە خەباتی کردووە، سپای تێرۆریستی پاسداران وەکوو یەکێک لە دەسەڵاتدارترین ناوەندی سەربازییەکانی ڕێژیم لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، ھەموو ھێزی پەلاماردەری خۆی بۆ بەرەوپێشچوونی ئامانجەکانی ڕێژیم و بەرژەوەندیی تێرۆریستی نیزامی ئەو ڕێژیمە لە سەرتاسەریی جیهاندا بەکاری هێناوە تاکوو ئامانجە تێرۆریستییەکانی خۆی بەرەو دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بگوازێتەوە و بەدەسەڵات و چوارچێوەی زاڵی خۆی لە نێوخۆی ئێراندا خەڵکی ناڕازی پێ سەرکوت بکات.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.