کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆڵی ژنان

16:13 - 8 سەرماوەز 2719

ئاویەر شێخی

"ئەگەر من وەک ڕەش پێستێک مافەکانم پێشێل بکرێت ئەوا دەبێت وەک ڕەش پێستێکیش

پارێزگاری لە مافەکانی خۆم بکەم".

ئەمە وتەی یەکێک لە فیمینیستە ڕەش پێستەکانی ئامریکایە کە لە ئێستادا دەتوانین بەسەر دۆخی ژنانی کورد لە کوردستانیشدا پەیڕەوی بکەین.

هەر وەک بەشێوەیەکی بەردەوام دەوترێتەوە، ژنی کورد بەتایبەتی و نه‌ته‌وه‌ سته‌ملێكراوه‌كان له‌ ئێران بەگشتی، دوو بەرابەری سته‌میان لێدەکرێت، یەک لەبەر ئەوەی غەیرە فارسن و دووش لەبەر ژن بوونیان.

دەکرێت ئێمە لە خۆمان بپرسین لە دۆخێکی هەستیاری وەک ئەمڕۆی نیشتماندا ژنان دەتوانن لەبیر بەدەستهێنانی یەکسانیدا بن یاخود تەنیا چالاکییەکانیان لە بواری بەدەستهێنانی مافە نەتەوایەتییەکاندا بێت؟

 بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەتوانین ئاوڕ لە وتەکانی دوکتور قاسملوو بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژن (٨ مارس) بدەینەوە کە دەفەرموون:

"خەبات بۆ ئەوەی ژن مافی خۆی وەرگرێت جودا نییە لە خەباتی میللەتەکەمان بۆ دێموکراسی و ئازادی".

بەو واتایەی ئەگەر شۆڕشی کورد سەربکەوێت و  دێموکراسی و ئازادی بەدەست بهێنێت ئەوا ژنیش هەنگاوێکی زیاتر لە بەدەستهێنانی حەقە یاسایی و ڕەواکانی خۆی نزیک دەبێتەوە.

لە ئێستادا ئەرکی ژنانی نیشتمان چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوە، هەوڵدانە بۆ ئاگادارکردنەوەی بیر و هزری ژنانێک کە توانای بینینی ماف و حەق و تواناییەکانی خۆیان نییە و لە پاڵیشیدا هەوڵدان دەبێت بۆ گەیاندنی دەنگی ژنانی ئازادیخواز بە گوێی جیهان.

بەشداریی ژنان لە  شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا دەکرێت وەک هیوایەک چاوی لێبکرێت کە ژنان لە هەر  کاتێک زیاتر هەستیان بە گرینگی و کاریگەربوونی خۆیان لەسەر پرسە نەتەوایەتییەکان کردووە، کە دەتوانن کاریگەریی ڕاستەوخۆ و بەهێزیان هەبێت. هەم ئەوەش بسەلمێنن کە دەتوانێت و لە توانایاندایە هاوشانی پیاوان بەشداریی خەبات و تێکۆشان بکەن و لەو بوارەدا هیچ جیاوازییەکیان لەگەل پیاواندا نییە و  هەوڵەکانی جیهانی پیاوسالاری و ڕێژیمی کۆنەپەرستی ئیسلامیی ئێران بۆ بەستنەوەی ژنان لە چوارچێوەی ئاستێکی دیاریکراودا  بێئاکام دەمێنێتەوە.

لە هەمان کاتیشدا ئێمە ناتوانین بڵێین بوونی ئەم بەشدارییە بەرچاوەی ژنان لە بزووتنەوەکان و خەباتدا مانای ئەوە بێت کە ژنان بەتەواوەتی ماف و تواناکانی خۆیان ناسیبێت و چیدی بەوە ڕازی  نەبن کە وەک ڕەگەزی دووەم چاو لە خۆیان بکەن.

بۆ گەیشتن بە ڕاستیی هێزی ژن، ژنان لە ئێراندا لە چوارچێوەی ئەو هەموو هەڵاواردن و کێشە کۆمەڵایەتییانەی کە ژنان تێێدا نغرۆبوون ڕێگایەکی دژواریان لە بەردەمدایە و تەنیا پێویستی بە گۆڕان و لەسەر کار لاچوونی دەسەڵاتی کۆنەخوازی ڕێژیمی ئیسلامی نییە.  بەڵکوو دەبێ ژنان لە ڕێگەی خوێندنەوە و هەوڵدان بۆ ئاگادار بوون لە بزووتنەوەکانی ژنان لە سەرتاسەری دنیادا، پەی بە هێز و پیرۆزیی خۆیان و کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی بەرەوپێشبردنی ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگە بزانن.

ژنێکی تێگەیشتوو و ئاگا دەبێتە هۆی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تێگەیشتوو و ئاگا.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.