کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆیتێرز: بە فەرمانی خامنەیی ١٥٠٠ کەس لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون

09:28 - 3 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا کوژرانی ١٥٠٠ کەسی لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەردا ڕاگەیاند و لە زاری سێ سەرچاوەی نزیک لە ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران نووسیویەتی کە خامنەیی فەرمانی داوە کە بۆ ڕاگرتنی خۆپیشاندانەکان ''هەر کارێک کە پێویستە''، ئەنجام بدرێت.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ڕۆژی دووشەممە، ٢ی بەفرانبار، لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا لە زاری سێ سەرچاوەی وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیمی ئێران نووسیویەتی، ''عەلی خامنەیی'' ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دوای چەند ڕۆژ لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ئێران لە مانگی ڕابردوو پرێشان بووە و بە کۆکردنەوەی بەرپرسانی باڵای ئەمنیەتی و دەوڵەتی، فەرمانی داوە کە بۆ ڕاگرتنی خۆپیشاندانەکان ''هەر کارێک کە پێویستە''، ئەنجام بدرێت.

ڕۆیتێرز، لە زاری سێ سەرچاوەی نزیک لە خامنەیی و بەرپرسێکی چوارەم نووسیویەتی، ئەم فەرمانەی خامنەیی خوێناویترین سەرکوتی ناڕازییان لە ساڵی ١٣٥٧ هەتا ئێستا بووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی کەمتر لە دوو حەوتوو ئاڵوزی لە ئێراندا کە لە ڕێکەوتی ٢٤ی خەزەڵوەردا دەستی پێکرد، نزیکەی ١٥٠٠ کەس کوژران، ژمارەی کوژراوان کە لەلایەن سێ بەرپرسی وەزارەتی نێوخۆی ئێران بە هەواڵدەریی ڕۆیتێرز دراوە، بریتین لە ١٧ مێرمنداڵ و نزیکەی ٤٠٠ ژن.

لەم ڕاپۆرتەی ڕۆیتێرزدا کوژرانی مێرمنداڵێکی ١٦ ساڵان لە کوردستان کە بە گوللـەی هێزەکانی ڕێژیم پێکراوە، باسی لەسەر کراوە.

ڕۆیتێرز نووسیویەتی کە ئەم ئامارە، بەپێی زانیارییە کۆکراوەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان، پرسەکان، نەخۆشخانەکان و پزشکی یاسایی بەدەست هاتووە.

بە تێپەرینی زیاتر لە چەند حەوتوو لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر، هەتا ئێستا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ئامارێکی وردیان لە کوژراوان و برینداربووانی خۆپیشاندانەکان نەخستووەتە ڕوو.

ئەم هەواڵدەرییە نووسیویەتی، لە نشینگەی فەرمیی خامنەیی لە تاران، بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێران لەوانە ''حەسەن ڕووحانی'' و کابینەکەی و جێگرە ئەمنیەتییەکان حوزووریان هەبووە؛ ڕێبەری ٨٠ ساڵە کە لەسەر هەموو کاروباری وڵاتدا قسەی کۆتایی دەکات، دەنگی خۆی بەرز کردووە و لە شێوازی هەڵسوکەوت لەگەڵ ئالۆزییەکاندا ڕەخنەی گرتووە و لە سوتاندنی وێنەی خۆی و تێکدانی پەیکەری خومەینی، بەتوندی توڕە بووە.

ڕۆیتێرز باسی لەوە کردووە کە خامنەیی وتوویەتی، کۆماری ئیسلامی لە مەترسیدایە، هەر کارێک کە دەتوانن بیکەن. ئێوە فەرمانی منتان پێیە.

هەروەها یەکێک لە سەرچاوەکان بەم هەواڵدەرییەی وتووە کە دوژمنان دەیانەویست کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕووخێنن، پێویست بە کاردانەوەی کتوپڕ بوو.

دوای گرانکردنی نرخی بێنزین، ڕۆژی ٢٤ی خەزەڵوەر لە شارەکانی کوردستان و ئێران خەڵک لە دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هاتنە سەر شەقام و دەستیان بە خۆپیشاندان کرد، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕۆژێک دواتر ئینتەرنێتی پچڕاند، هەتا جیهان لە جینایەتە دڕندەکانی بێخەبەر بمینێت، بەڵام هەر ڕۆژە و بەشێک لە جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ جیهان ئاشکرا دەبێت.