کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆیتێرز: دوو مەئمووری ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران فەرمانی کوشتنی ''مەسعوود مەولەویـ''ـیان داوە

13:06 - 10 خاکەلێوه 2720

ڕۆژی شەممە ٩ی خاکەلێوە، هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری دوو بەرپرسی باڵای تورکیە، وردەکاریی نوێی لەبارەی کوشتنی ''مەسعود مەولەوی''، بڵاو کردەوە.

دوای چوار مانگ لە کوشتنی ''مەسعوود مەولەوی'' لە تورکیە، هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە ناوبراو بە فەرمانی دوو دیپلۆماتی ڕێژیمی ئێران کوژراوە.

''مەسعود مەولەوی وردنجانی'' تەمەن ٣٢ ساڵ، ڕێکەوتی ٢٣ی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ لە گەڕەکی شیشلی لە شاری ئیستامبوڵ درایە بەر دەستڕێژیی گولـلە.

لەو کاتەدا میدیاکانی تورکیە، لە "مەسعوود مەولەوی'' وەکوو کەسایەتییەکی ئەمنییەتیی پەیوندیدار بە دەزگای ئیتلاعاتیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ناو لێ برد.

لە ئێستادا هەواڵدەریی ڕۆیتێرز باس لەوە دەکات کە هەر ئەو دەزگا ئیتلاعاتییەی ڕێژیمی ئێران لە کوشتنی "مەسعوود مەولەویـ"ـدا دەستی هەبووە.

بە وتەی یەکێک لە بەرپرسانی ئەمنییەتی تورکیە، لەم دۆسیەیەدا چەند کەسی گومانلێکراو و هەروەها بکوژی ئەم کەسە، دانیان بەوەدا ناوە کە بە فەرمانی دوو مەئمووری ئیتلاعاتی لە کۆنسولگەریی ڕێژیمی ئێران، ئەو کارەیان ئەنجام داوە.

هەواڵدەریی ڕۆتێرز نووسیویەتی، دەوڵەتی تورکیە بڕیارە بابەتی کوشتنی مەسعوود مەولەوی لەگەڵ ئێران بخاتە بەر باس و دۆزگەری تورکیە بەدواداچوونی ئەم دۆسیەیە دەکات.

پەیوەندیی "مەسعوود مەولەوی" لەگەڵ بەڕێوەبەری کەناڵی "ئامەد نیوز"، ئاشکراکردنی زانیاری لەبارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و هەندیک لە کەسایەتییە بەناو دادوەرییەکانی ڕێژیم، ئەگەری کوشتنی ناوبراو لەلایەن دەزگای ئیتلاعاتیی ڕێژیم کە هاوکات بووە لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر، زیاتر دەردەخات.