کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆیتێرز: ١ لەسەر ٤ی سەکۆ نەوتییەکانی ئێران بێکەڵکن

18:22 - 21 رەشەمه 2719

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز بڵاوی کردووەتەوە کە ١ لەسەر ٤ی سەکۆ نەوتییەکانی ئێران بەهۆی گەمارۆکانەوە کەڵکیان لێ وەرناگیرێت و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و دابەزینی ئاستی داواکاری و دابەزینی نرخی نەوت، ئابووریی نەوتیی ئێرانی خستووەتە ژێر گوشارێکی سەختەوە.

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی ڕەشەمە، بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک کە بەپێی لێکدانەوەی بەڵگەکان و وتووێژ لەگەڵ کارناسان و چالاکانی پیشەی نەوت ئامادە کراوە، جەختی لەسەر کردەوە کە تەنانەت لە ئەگەری دابەزینی ناکۆکییەکان لەنێوان واشنتۆن و تاراندا، ڕێژیمی ئێران بەسەختی دەتوانێت ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتیی خۆی بگەڕێنێتەوە سەردەمی پێش گەمارۆکانی ئامریکا.

ڕۆیتێرز هەروەها وتوویەتی، بێکەڵکبوونی سەکۆکان و دەکەڵە نەوتییەکان و کەرەستەکانی هەڵگۆزینی نەوت لە ئێراندا، نیشانەیەکی باش بۆ تاران و وڵاتانی هەناردەکەری نەوت (ئۆپێک) نییە، چونکە دەفرایەتیی بەرهەمهێنانی نەوت لە چوارچێوەی بەرنامەکانی ئەو ڕێکخراوەدا تووشی کێشە دەبێت.

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیاتر لە ١١٠ وڵاتدا بووە بەهۆی دابەزینی بەرچاوی نەوت و لەم نێوانەدا ئێران وەکوو یەکێک لە ناوەندەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هاوکات لەگەڵ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ نەخۆشی، بارودۆخێکی ئابووریی ناجێگیریش بەسەریدا زاڵە.