کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆیتێرز: ٦٣ ملیۆن بەرمیل نەوت لەسەر دەستی ئێران ماوەتەوە

13:18 - 18 پووشپەڕ 2720

گەمارۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەسەر ڕێژیمی ئێران تا ئاستیک کاریگەر بووە کە نەوتی هەڵێنجێندراو و لەسەردەست ماوەی ڕێژیمی ئێران گەیشتووەتە سەرەوەترین ڕێژە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لەسەر بنەمای ئامارە بڵاوکراوەکانی شیرکەتی "FGE Energy" ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی نەوتی هەڵینجێندراو و لەسەر ئاوەکانی ڕێژیمی ئێران گەیشتووەتە ٦٣ ملیۆن بەرمیل، کە زۆرترین ڕێژە لە مێژووی ئەو وڵاتەدایە.

بەپێی مەزەندەی شیرکەتی زانیارییەکانی بازاڕی نەوتی "کێپلێر" نێونجیی پاشکۆی نەوتی خاوی کەناراوەکانی ئێران کە لە ژانڤییەی ئەوساڵدا ١٦ ملیۆن بەرمیل بووە، لە مانگی ئاڤریلدا گەیشتووەتە ٥٤ بەرمیل و لە ژووئەندا بووەتە ٦٣ ملیۆن بەرمیل نەوت.

زانیارییەکانی ئەو شیرکەتە هەروەها دەریخستووە کە ئێران چەندین مانگە کە نزیکەی ٥٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و پێکهاتە گازییەکانی لە کەشتییە نەوتییەکاندا لەسەر ئاو هەیە.

هەروەها هەناردەکردنی نەوتی ئێران بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و دابەزینی کڕینی نەوتی ئێران لەلایەن چینەوە و گەمارۆوە نەوتییەکانی ئامریکا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

بەپێی ئامارەکانی "کێپلێر"، هەناردەکردنی نەوتی ڕێژیمی ئێران لە مانگی ئاڤریلدا بە شێوەی نێونجی ٧٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا بووە کە بەنیسبەت مانگی پێش زیاتر لە ٢١٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا دابەزیوە.

"بیژەن نامدار زەنگەنە" وەزیری نەوتی ڕێژیمی ئێران لەم دواییانەدا وتبووی کە گەمارۆکانی ئامریکا لەسەر ڕێژیمی ئێران لە شەڕی ٨ ساڵە ئەستەمترە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران چەندین جار بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دانیان بە گوشاری زۆری گەمارۆکان لەسەر ڕێژیمی ئێران ناوە.

"مایک پۆمپێئۆ" وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بەردەوام جەختی دەکردەوە کە ئامریکا هەناردەکردنی نەوتیی ڕێژیمی ئێران دەگەیەنێتە سیفر و وتبووی کە واشنتۆن لێخۆشبوون لە گەمارۆوە نەوتییەکان بۆ ئێران دووپات ناکاتەوە.