کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆیتێرز: ڕێژیمی ئێران بە ئامانجەوە خەریکی بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆینەیە

10:38 - 10 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ٧١ ماڵپەڕی سەر بە ڕێژیم ئاشکرا کراون، کە ڕۆژانە لە وڵاتانی دیکە هەواڵی درۆ و ساختە بڵاو دەکەنەوە.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ڕۆژی هەینی ٩ی سەرماوەز، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە، ٧١ ماڵپەڕی بڵاوکەرەوەی هەواڵی ساختە شناسایی کراون، کە سەر بە ڕێکخراوەیەکی ڕێژیم لە تارانن، کە هەواڵە ئامانجدارەکانی ڕێژیم بە چەندین زمان لە ١٥ وڵات بڵاو دەکەنەوە.

بەپێی ئەم هەواڵە، مانگانە نزیک بە ٥٠٠ هەزار کەس لە ڕێگای ئەم ماڵپەڕانە و زیاتر لە یەک میلیۆن کەس لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سەر بەم ماڵپەڕانە ئەم هەواڵە ساختانە دەبینن.

ئەم ماڵپەڕانە کە ئاشکرا کراون، لەگەڵ "یەکیەتیی نێونەتەوەیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" لە تاران پێوەندییان هەیە و ڤیدئۆ و کاریکاتۆر و هەروەها ناونیشان و ژمارە تەلەفۆنی ئەم ناوەندە بڵاو دەکەنەوە.

ئەم یەکیەتییە لە لاپەڕەی یەکەمی خۆی، یەکێک لە ئامانجەکانی بەم شێوە باس کردووە، "بەرەنگاریی لەگەڵ ئێمپریالیزم و چالاکییەکانی بەرەی سێهیۆنیزم و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا"یە.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز هەروەها ئاماژەی بە چەندین ماڵپەڕی دیکە کردووە، کە بەردەنگەکانیان لە پاکستان، یەمەن، سوودان و تەنانەت ڕووسیەن.

یەکێک لەو هەواڵانە کە لە لایەن ماڵپەڕەکانی ڕێژیم بە درۆ لە زاری بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی پاکستان، لە پەیامێکی توێتێرییدا بڵاو کرایەوە، هەواڵێک بوو کە هۆشدارییان بە ئیسرائیل داوە و تێدا نووسیویانە: لە بیرتان نەچێت کە ئیسلامئاوا خاوەن بۆمبی ناوکییە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هەموو شێوازێک کەڵک وەردەگرێت کە بیرۆکە و سیاسەتەکانی خۆی بڵاوە پێ بکات، لە حاڵێکدا خەڵکی ئێران لەوپەڕەی نالەباریدا ژیان بەسەر دەبەن و هیچ دەرەتانێک بۆ ژیانێکی ئاسایی لە ئێراندا نەماوە.