کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆیتێرز: ڕێژیمی ئێران موشەکی هەناردەی عێراق کردووە

12:24 - 11 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: دوایین ڕاپۆرتە نێونەتەوەییەکان باس لەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی وەک وڵامێک بۆ هێرشەکانی ئیسراییل بۆ سەر پایگا نیزامییەکانی تاران لە سووریە موشەکی دوورهاوێژی ڕەوانەی عێراق کردووە.

بەپێی هەواڵێک کە هەواڵدەری ڕۆیتێرز، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٩ی خەرمانان بڵاوی کردووەتەوە، ڕێژیمی ئێران موشەکی دوورهاوێژی بالستیکی ڕەوانەی خاکی عێراق کردووە.

هەواڵدەری ڕۆیتێرز ئەم هەواڵەی بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی خۆجێی لە عێراقدا بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کۆماری ئیسلامی کۆمەڵێکی بەرچاو موشەکی بالستیکی ڕەوانەی وڵاتی عێراق کردووە کە ئامانجەکەی ناڕوونە بەڵام وێدەچێ هەڕەشەیەک بێت بۆ سەر ئیسرائیل.

سەرچاوە خۆجێیەکان باسیان لەوە کردووە کە  هەناردەکردنی ئەم موشەکانە بۆ عێراق وەك وەڵامێکە بۆ ئامریکا و ئیسرائیل، بە تایبەتی دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا.

هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئەم موشەکانە ڕادەستی میلیشیا شیعەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراقدا کراون.

هەر لەم پێوەندییەدا مایک پۆمپێئۆ لە تویتێکدا ڕایگەیاند: "ئەگەر ئەم هەواڵە ڕاست بێت، بە پێشێل کردنی سەروەرییەکانی عێراق و بڕیارنامەی ٢٢٣١ بە هەژمار دێت".

وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە درێژەدا نوسیویەتی: "دەبێت خودی بەغدا لەبارەی سەروەری و دەسەڵاتەکانییەوە بڕیار بدات نەک تاران".

وتە بێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئیرانیش لەمبارەوە دژکردەوەی نیشان داوە و ئەم هەواڵەی هەواڵدەری ڕۆیتێرزی بە توندی بە درۆ خستووەتەوە و ڕایگەیاندووە: ئەم هەواڵە ئیدعایەکی پوچ، بێ ماناو پێکەنیناوییە کە بە مەبەستی دروستکردنی ترس لە نێو وڵاتانی ناوچەدا و لە درێژەی سیاسەتی ترساندنی ئێران بڵاوکراوەتەوە.

پێشیشتر لە چەندین بەڵگەنامەی نهێنیدا، شۆرای ئەمنیەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێژیمی ئێرانی بە هاوکاریکردنی گروپە تێرۆریستییەکانی وەک "حوسییەکانی یەمەن" تۆمەتبارکردبوو؛  هەروەها دەوڵەتی ئامریکا چەند ڕۆژ پێش ئێستا کۆمەڵێک بەڵگەنامەی نوێی خستەڕوو کە بەم دواییانە لە پۆلێن‌بەندییە نهێنییەکانی دەریهێناوە و تێیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە پڕچەک‌کردن و فێرکردنی عێراقییە دژبەرەکانی ئامریکا بۆ شەڕ لەگەڵ هێزەکانی ئامریکا کردووە.