کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆیتێرز: گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بکەرانی هێرش بۆ سەر ماڵی سەرۆکوەزیرانی عێراقن

11:18 - 18 خەزەڵوەر 2721

هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز'' لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە ئەو دڕۆنانەی کە لە هێرش بۆ سەر ماڵی ''مستەفا ئەلکازمی'' سەرۆکوەزیرانی عێراق بەکار هێنراون، دروستکراوی ئێرانن و لانیکەم دوو گرووپی میلیشایی سەر بە ڕێژیمی ئێران لەو هێرشەدا ڕۆڵیان هەبووە.

لەو ڕاپۆرتەدا لە زاری دوو سەرچاوەی ئەمنییەتیی عێراق هاتووە کە گرووپەکانی ''کتائیبی حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق'' لەو هێرشەدا ڕۆڵیان هەبووە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی خەزەڵوەر، بە دڕۆنی بۆمبڕێژکراو ماڵی ''مستەفا ئەلکازمی'' سەرۆکوەزیرانی عێراق کرایە ئامانج؛ بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی نێوخۆی عێراق ئەو هێرشە بە سێ دڕۆنەوە ئەنجام دراوە کە دوو دڕۆن خراونەتە خوارەوە و دڕۆنی سێهەمیش لە ماڵی ئەلکازمیی داوە.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەزەڵوەر، شورای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننەمەیەکدا هەوڵی تێرۆرکردنی ئەلکازمیی بە توندی مەحکووم کرد و داوای لێپرسینەوەیان لە بکەرانی ئەو هەوڵە تێرۆریستییە کرد.

''ئیسماعیل قائانی'' فەرماندەی لقی قودسی سپای پاسداران دوای ئەو هێرشە و گومانەکان لەبارەی دەستێدابوونی ڕێژیمی ئێران، سەردانی بەغدای کردووە و بۆ چەواشەکاری لەسەر پاراستنی ئەمنییەتی عێراق و بەدواداچوون بە داواکارییەکانی ناڕازییان بە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە جەختی کردووەتەوە.

مستەفا ئەلکازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاردانەوە بە هێرشی دڕۆنی بۆمبڕێژکراو بۆ ماڵەکەی وتبووی، کەسانێک کە لە پشتی ئەو هەوڵە تێرۆریستییە بوون بە باشی دەناسێت.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا لایەنگرانی گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕژابوونە سەر شەقام و دژی ئەلکازمی دروشمیان دابوو.

هەتا ئێستا هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیاریەتیی هێرش بۆ سەر ماڵەکەی ئەلکازمی لە ناوچەی سەوزی بەغدای نەگرتووەتە ئەستۆ.