
دەستپێکردنەوەی وتووێژەکانی بەرجام کە بڕیارە دوو حەوتووی دیکە بەڕێوە بچێت لە حاڵێکدایە کە دوو بەرپرسی ڕێژیمی ئێران وتوویانە کە ئەگەری شکستی وتووێژەکان زیاترە لە بە ئاکام گەیشتنی.
ئەو دوو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران کە ناویان ئاشکرا نەبووە، بە هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز''یان وتووە کە ئێران وتووێژەکانی ناوکی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی لایەنی بەرجام بەرەو ئاراستەیەکی پڕ لە کێشە دەبات و لە ڕێگای جۆراجۆرەوە بۆ کەمکردنی گەمارۆکان هەوڵ دەدات.
ئەو دوو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران وتوویانە، مەترسییەکی گەورە لە پێشدایە، چونکە لە ئەگەری بە ئاکام نەگەیشتنی وتووێژەکانی ڤییەن، مەترسیی هەڵگیرسانی شەڕێکی نوێ لە ناوچەکەدا چاوەڕوان دەکرێت.
یەکێک لەو بەرپرسانەی ڕێژیمی ئێران بە ڕۆیتێرزی وتووە: ''دامەزراوە ناوکییەکانی ئێمە درێژە بە چالاکییەکانی خۆیان دەدەن و دەتوانین بە ڕێککەوتن یان بەبێ ڕێککەوتن درێژە بە کاری خۆمان بدەین و لە ئێستادا تۆپەکە لە زەویی ڕۆژاواییەکانە".
شەش خول لە وتووێژەکانی بەرجام بەڕێوە چووە، بەڵام دوای هاتنە سەر کاری "ئیبراهیم ڕەئیسی"، وتوویژەکان هەتا ئێستا ڕاوەستاون، دواتر بەهۆی گوشار و هۆشداریی وڵاتانی ڕۆژاوایی بڕیارە دانیشتنەکان لە دوو حەوتووی داهاتوو درێژەیان پێ بدرێت.
هاوکات ئیسرائیل بەردەوام هەڕەشە لە ڕێژیمی ئێران دەکات کە ڕێگا بەو ڕێژیمە نادات دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات و ئەگەر ڕێژیمی ئێران دەست لە زێدەخوازییەکانی هەڵنەگرێت، هێرشی نیزامیی دەکاتە سەر.