کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ڕیاز" دەستی گرت بەسەر چەند باری چەکوچۆڵی قاچاخی ئێران بۆ حووسییەکانی یەمەن

12:28 - 10 پووشپەڕ 2720

بەرپرسێکی پاشایەتیی سەعوودی ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی دەستی گرتووە بەسەر ڕێژەیەکی زۆر چەکوچۆڵی ئێرانی کە بۆ حووسییەکانی یەمەن بە شێوەی قاچاخ نێردراوە.

ڕۆژی دووشەممە ٩ی پووشپەڕ، بەرپرسێکی باڵای سەعوودی ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی دەستی گرتووە بەسەر ڕێژەیەکی زۆر چەکوچۆڵی هەناردەکراوی ئێران بۆ میلیشیا چەکدارەکانی حووسیی یەمەن.

ئەو بەرپرسەی سەعوودی پشتڕاستی کردووەتەوە کە چەکوچۆڵێک کە حووسییەکان کەڵکی لێ وەردەگرن و عەرەبستانی پێ دەکەنە ئامانج، ئێرانین و ڕاپۆرتە نێونەتەوەییەکانی ئەم دواییانە خاڵێکی نوێی سەبارەت بە سیاسەتەکانی ئێران نییە.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی، ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران لە باری چەکوچۆڵەوە پشتیوانی لە میلیشیا تێرۆریستەکانی لە سووریە، عێراق، یەمەن و لوبنان دەکات.

هەر لەو پەیوەندییەدا، "عەبدوڵڵا ئەلموعەلمی" باڵوێزی سەعودییە، ڕۆژی دووشەممە ٩ی پووشپەڕ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وتبووی: "جیهان هەستی بە هەڕەشەی زێدەخوازییە ناوچەییەکانی ڕێژیمی ئێران کردووە و ئێمە چەندین جار سەبارەت بە لەبەرچاونەگرتنی ئەو هەوڵانەی ڕێژیمی ئێران هۆشداریمان دابوو".

هەروەها "برایان هووک"، نوێنەری تایبەت بە کاروباری ڕێژیمی ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕ وتبووی: "گەمارۆی چەکوچۆڵێک کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دژ بە ڕێژیمی ئێران دایناوە، دەبێ دریژەی هەبێت تا پێش بەوەی بگرێت کە ڕێژیمی ئێران ببێت بە بازرگانی چەکوچۆڵی خوازراوی ڕێکخراوە تێرۆریستی و سەرکەشەکانی جیهان".

ڕێژیمی ئێران بەردەوام لە ڕێگای پشتیوانیکردنی گرووپە تێرۆریستییەکانی لە ناوچەکەدا هەوڵ دەدات کە مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا مسۆگەر بکات.