کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕیشەی دارێک کە بڕزێ مەحاڵە لەق و پۆپ دەرکاتەوە

12:54 - 22 بەفرانبار 2719

سامڕەند زاگرۆس

لە سەرەتای دەسەڵاتدارییەتی کۆماری ئیسلامی تاکوو ئێستا ڕێژیمی ئێران هەمیشە دەسەڵات و دەستوپەیوەندییەکانی خۆی وەکوو دارێک وەسف دەکرد کە بەرهەمی دارەکە بۆ خۆشبژێویی خەڵکەکەی خۆی دەبێت، بەڵام نەمامێکیان چەقاند کە بە خوێنی خەڵکی بێتاوان ئاو درا و گەورە بوو و بەرهەم و سەمەرەکەی هەر خوێن و جینایەت و تاوان بوو بۆ خەڵکی بێتاوانی ئێران بەگشتی و بەتایبەتی بۆ کوردستان.

هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە تا ئێستا ڕێژیمی ئێران بە دەیان و سەدان کردەوەی تێرۆریستی نەک هەر لە وڵاتەکەی خۆی بەڵکوو لە ئاستی نێونەتەوەییشدا ئەنجام دا.

ئەمە سیستمى کۆنەپەرستى و ئیدئۆلۆژیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە ئاخوندەکان بە درێژایی ٤٠ ساڵ هەر وەک بەڵا و موسیبەت، بە زۆرەملێ و بە زەبرى کوشتن و تێرۆر و تۆقاندن و سێدارە و برسى کردنى خەڵکى ئێران و کوردستاندا سەپاندووە.

هەر بیر و باوەڕ و فکرێکى پێشکەوتنخواز و ئازادیخواز هەبووبێت لە کۆمەڵگادا سەرکوتیان کردووە، هه‌وڵی خنكاندنیان  داوە. هیچ یاسا و دەستوورێکی مرۆییان بۆ پاراستنى ماف و کەرامەتی مرۆڤەکان ڕەچاو نەکردووە.

 کۆمارى ئیسلامیی ئێران کۆمارى سێدارە و بەرهەمهێنانى تێرۆر و بیروباوەڕى توندڕەوییە لە ئێرانەوە بگرە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و جیهانیشدا، هەر بۆیە بە درێژایی ئەو چل ساڵەى تەمەنى، گەورەترین خزمەتى بە بزووتنەوەى تێرۆریستى و ڕێکخراو و گرووپ و حیزبە توندڕەوە ئیسلامییەکان کردووە کە بە بەردەوامى ئاسایش و ئارامىی خەڵکیان تێکداوە.

 لە وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى وەک سووریا و عێراق و یەمەن و لوبنان و بگرە زۆر جار ئاسایش و ئارامى خەڵکى ئورووپا و دەیان وڵاتی دیکەیان بە کردەوە قێزەونەکانیان تێکداوە و خەڵکیان بە تەقینەوە و کارە خۆکوژییەکانیان کردووەتە قوربانى و بۆ ماوەیەک ترس و دڵەڕاوکێیان لەنێو خەڵکدا بڵاو کردووەتەوە.

بۆ مانەوەی دەسەڵاتە قێزەونەکەیان لە تێرۆرکردنی گەورە ڕێبەرانی نەتەوەی کوردەوە بگرە تاکوو تێرۆرکردنی دەیان و سەدان مێشکی نوخبە لە ئێراندا، دەستیان نەپاراست کە چل ساڵە نەگبەتی و ماڵوێرانی بۆ خەڵکی بێتاوان بەرهەم هێناوە.

ئاخر کۆماری ئیسلامی هەر بە تێرۆرکردنی ڕێبەرانی کاریزماتیکی نەتەوەی کورد و کپکردنی دەنگی باقیی نەتەوەکانی دیکە قەناعەتیان نەهێنا بەڵکوو بە دەیان شێوەگەلی دیکەی وەک: ئێعتیاد، ئێعدام، کۆڵبەرکووژی، بێکاری، هەڵاواردنی ڕەگەزی، پێشێلکردنی مافی نەتەوەکان، پێشێلکردنی مافی تاکەکان لە کۆمەڵگا، لەنێوبردنی نوخبەکان لە ئێران و دەیان و سەدان کردەوەی دیکەی تێرۆریستی پیشانیان داوە کە دەسەڵاتە پاوانخوازەکەیان جگە لە خوێنمژین و خوێنڕشتن هیچی دیکەی بە دیاری بۆ خەڵکەکەی خۆی نەهێناوە.

بەڵام بۆ دەستوپەیوەندییەکانی خۆیان لە دەرەوەی سنوورەکانیدا بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی، هەمیشە باوک بووە و تێچووی هەموو تاقم و گرووپە میلیشیاکانی لە ئەستۆ بووە، بەڵام خەڵکی بێتاوانی ئێران لەو یەک دوو ساڵەی ڕابردودا بینیومانە کە خەڵک بۆ پەیداکردنی پارووە نانێک چۆن نێو زبڵدانەکان دەپشکنن و ڕەنگە زۆر جارانیش ل لایەن کەسانی مایەداری سەر بە ڕێژیمەوە  بێڕێزیان پێکرابێ.

ڕێژیمی ئێران لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا بە تایبەتی، ماشینی تێرۆری خستە گەڕ و تاکوو بۆی کرابێ، کە بۆی کراوە، دەستی لە هیچ تاوانێک نەپاراستووە، تێرۆرکردنی خەڵکی بێتاوان لە سووریە، عێراق، لوبنان، یەمەن، فەلستین و دەیان وڵاتی دیکە دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە کۆماری ئیسلامی لە تێرۆردا هەمیشە ماشینەکەی تەختەگازە، بەڵام ئەمڕۆکە دەبینین کە ئەو شۆفیرەی کە ماشینەکەی تەختە گاز دەکرد ئێستاکە دووکەڵی ماشینەکەی خۆی، چاوی خۆی گرتووەتەوە و لەنێوی بردووە.

کۆماری ئیسلامی ئەو دارەی کە باسی لێدەکرد، ئێستاکە خەڵک باشتر لە هەمیشە بۆیان دەرکەوت کە ئەو دارەی خامنەیی باسی لێوە دەکرد، بەخوێنی خەڵکی بێتاوان ئاو دەدرێ و تەنیا بۆ دروستکردنی تابووت، داری ئێعدام، داری سەرکوت، بەکار دەهێنرێت.

ئەمە دیاریی چڵ ساڵ دەسەڵاتێکی پاوانخواز و دژە ئینسانییە کە چۆن لە تێرۆر و کردەوەی دژە ئینسانیدا هەمیشە پلەی یەکەمی ڕیزبەندی وڵاتانی دیکتاتۆردا بۆ خۆی مسۆگەر کردووە و ماهییەتی ئەو دەسەڵاتە پاوانخوازە نەک هەر بۆ خەڵکی ئێران بەڵکوو بۆ تەواوی وڵاتانی دونیا زیاتر ڕوون بووەتەوە.

کۆتا باس ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێستاکە لە ڕیشەدا گەنیوە و ڕزیوە و و ئیتر ناتوانێ لەق و پۆپ دەرکاتەوە و بەرەو وشکبوون دەچێت و کۆتا دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمە جینایەت خولقێنەرەیە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.