کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ساڵیادی تێرۆرکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شەوی شەممە، ڕێکەوتی ١٥ لەسەر ١٦ی پووشپەڕ، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە "دەڕە شار"ی سەر بە پارێزگای ئیلام، بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی شەهیدکرانی ڕێبەری مەزنی گەلەکەمان، دوکتور قاسملوو، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
قارەمانانی دێموکرات لە "دەڕە شار"ی پاڕێزگای ئیلام، بە نووسینی دروشمی: "بژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران"، "دروود بەر قاسملوو" و "مەرگ و نەمان بۆ سپای تێرۆریستی پاسداران"، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
ئەو شوێنانەی کە چالاکیی تێدا بەڕێوەچووە، بریتین لە شەقامی ساڵحی و پارکی شارەداری لە تەنیشت بنکەی سپای تێرۆریستی پاسداران.
هەموو ساڵێک لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی تێرۆری ڕێبەری ناوداری گەلی کورد، خەڵکی کوردستان و تێکۆشەرانی دێموکرات، چالاکیی تەبلیغیی جۆراوجۆر بۆ مەحکوومکردنی تێرۆریزمی نێونەتەوەیی ڕێژیمی ئیسلامی بەڕێوە دەبەن و پەیمان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدانی کورد و کوردستان نوێ دەکەنەوە.