کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێبوارانی ڕێبازی دوکتور "قاسملوو" لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕدا پەیمانی وەفادارییان نوێ کردەوە

12:38 - 16 پووشپەڕ 2720

ئەندامان و لایەنگرانی وەفادار بە ڕێبازی دوکتور "قاسملوو"ی ڕێبەر لە "مەریوان، سەقز، مەهاباد و بۆکان" چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

تێکۆشەرانی دێموکرات لە "مەهاباد"، بۆ جارێکی دیکە لە بەرەبەری ساڵیادی شەهیدکرانی دوکتور "قاسملوو"، بە بەڕێوەبردنی چالاکیی بەرینی تەبلیغی، وەفاداریی خۆیان بە ڕێبازی پێغەمبەری ئاشتی نیشان دا.

ئەو شوێنانەی لە "مەهاباد" چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە گوندەکانی "قەڕەقشڵاخ، گردی یاقووب، کۆنەدێ‌ و داشخانە" و ڕێگەوبانی نێوان ئەو گوندانە.

لە "مەریوان"، تێکۆشەرانی دێموکرات لە چەند چالاکیی جیاوازدا لەگەڵ ڕێباز و ئامانجەکانی دوکتور"قاسملوو"، پەیمانی وەفادایریان نوێ کردەوە و تراکت و پوستێری پەیوەندیدار بە ٢٢ی پووشپەڕیان بڵاو کردەوە.

لە شارەدێی "نێـ"ـی هەمیشە دێموکراتەوە، پێشمەرگەکانی شار بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و نووسینی دروشمی حیزبی لە "کانی گەزنە، دەروازەی چوونەژوورەوەی ئاوایی و دەوروبەری قوتابخانە"، چالاکییان بەڕێوە برد.

هەروەها لە ئاوایی "سەردۆش"، تێکۆشەران لەسەر شاخ و بەرزاییەکانی ئەو ئاواییە، بە نووسینی دروشمگەلی: "دوکتور قاسملوو لە ڕێبازیدا زیندووە" و "تا دوا هەناسەی ژیان درێژەدەری ڕێگا و ڕێبازی قاسملووین"، وەفاداریی خۆیان بە ڕێبازی دوکتور "قاسملوو" دووپات کردەوە.

قارەمانانی دێموکرات لە "بۆکانـ"ـی بەیان و تەرەغەوە، بۆ چەندەمین جار ئەمەگداری و وەفاداریی خۆیان بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات و "قاسملوو"ی نەمر سەلماند و کۆڵان و شەقامەکانی شاریان بە وێنە و وتە بەنرخەکانی شەهید دوکتور "قاسملوو" ڕازاندەوە.

لەو چالاکییەدا دروشمگەلێکی وەک: "بژی حیزبی دێموکرات"، "نەمان بۆ خامنەیی" و "قاسملوو لە ڕێبازیدا زیندووە" نووسراوە، ئەمەش لە کاتێکدا بووە کە شار بە تەواوی مێلیتاریزە بووە.

ئەو شوێنانەی بۆکان کە چالاکیی تەبلیغیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: "فەلەکەی قودس، مەیدانی حەسەن زیرەک، بلواری مامۆستا هەژار هەتا شەهرەکی فەرهەنگیانی ٢ و کولتەپە".

لە درێژەی چالاکییە تەبلیغییەکاندا لە بەرەبەری شەهیدکرانی دوکتور "قاسملوو" و هاوڕێیانی، ئەمجارە لە  "سەقز"، چالاکیی بەریینی تەبلیغی بەڕێوە چووە.

لەو چالاکییەدا تێکۆشەرانی دێموکرات تراکت و پوستێری پەیوەندیدار بە ٢٢ی پووشپەڕیان لە "شەقامی حافز و کۆڵانەکانی پشت موخابرات و گەڕەکەکانی کەریم ئاوا و شاناز" بڵاو کردووەتەوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ترسی ئەوەی کە خەڵک ئەو چالاکییانە نەبینێت، هەر ئەو شەوە   زۆرێک لە نووسراوە و دروشمەکانیان پاک کردووەتەوە.