کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێبەری حووسییەکان: ئەگەر لەگەڵ ئێران کێشەتان هەیە ئەوا ئێران تۆپباران بکەن

16:45 - 16 رەزبەر 2720

ئەگەری هەیە حووسییەکانی یەمەن بەهۆی نزیکی لە ڕێژیمی ئێران، لەلایەن ئامریکاوە بخرێتە نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە، بۆیە ڕێبەری ئەو ڕێکخراوەیە وتوویەتی، جێبەجێکردنی ئاوا سیاسەتێک خۆشخزمەتییە بە عەرەبستان.

"محەممەدعەلی حووسی" ڕێبەری حووسییەکانی یەمەن وتوویەتی، ئامریکا و عەرەبستان بەهۆی پشتیوانیکردنی ئێران لە حووسییەکان شەڕ لە دژی ئێمە ڕادەگەیەنن، ئەگەر ئەو دوو وڵاتە پێیان وایە ئێمە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیی ماڵی دەکرێین ئەوا دەبێ ئێران تۆپباران بکەن نەک ئێمە.

شەڕی نێوخۆیی یەمەن ٥ ساڵە دریژەی هەیە و هەتا ئێستا لە ئاکامی ئەو شەڕە نێوخۆییەدا ٢٠٠ هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە.

هاوپەیمانیی نیزامیی عەرەبی و حووسییەکان کە دوو لایەنی سەرەکیی ئەو شەڕەن، لەلایەن هەرکام لە وڵاتانی عەرەبستان و ئێرانەوە پشتیوانییان لێوە دەکرێت، بۆیە گەیشتن بە ڕێگەچارەی سیاسی و کۆتاییهێنان بەو شەڕە ئەستەم بووەتەوە.