کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێبەری یارسانەکان، داوای لە پەیڕەوانی ئەم ئایینە کرد بە هانای خەڵکی گوڵستانەوە بڕۆن

13:27 - 5 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: گەورە و ڕێبەری یارسانەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بە نووسینی نامەیەک داوای لە خەڵک و بەتایبەت پەیڕەوانی ئایینی یارسان کردووە، کە بە هانای خەڵکی لێقەوماوانی گوڵستانەوە بڕۆن.

سەید نەسرەدین حەیدەری، ڕێبەری یارسانەکان لە پارێزگای کرماشاندا، بە نووسینی نامەیەک بۆ یارسانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وێڕای ئاماژه به لافاوێک کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، پارێزگای گوڵستانی گرتەوە، داوای لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان کردووە، کە بۆ گەیاندنی یارمەتی بە خەڵکی لافاولێدراوی گوڵستان بە هەر شێوەیەک بۆیان دەکرێت، هەوڵ بدەن.

ناوبراو لە نامەکەیدا نووسیویەتی: یارمەتییەکانی ئێوە دەتوانێت بەشێک لە خۆشەویستی، یارمەتی و هاوخەمییەکانی خەڵک کە لە کاتی بوومەلەرزەکەی ساڵی ڕابردوودا، بەرانبەر بە ئێمە کردیان قەرەبوو بکاتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، خەڵکی شاری سەرپیڵ، لە کەمپی جەمخانەی سەرپێڵدا، کەمپەینێکیان بۆ کۆکردنەوەی یارمەتییەکانی پێڕەوانی ئایینی یارسان بۆ خەڵکی لێقەوماوی گوڵستان ڕێک خستووە.

هەروەها کۆمەڵێک لە کەسانی باوەڕپێکراوی یارسان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە گوندی حەسەن‌سلێمان کۆبوونەوەیەکیان بۆ ساغبوونەوە لەسەر شێوازەکان و چۆنیەتیی کۆکردنەوەی یارمەتییە غەیرەماڵییەکان ڕێک خستووە.

کۆکردنەوەی یارمەتی لە لایەن خەڵکی سەرپیڵەوە لە کاتێکدایە، کە پاش تێپەڕبوونی نزیک به ساڵ و نیوێک بەسەر بوومەلەرزەکەی کرماشاندا، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان، هێشتا زۆربەیان لە نێو کانێکس و خێوەتدا دەژین و لە دۆخێکی ئەستەمدا ژیان بە سەر دەبەن.