کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێزلێنان لە پێشمەرگە سپی پۆشەکان بەردەوامە

17:43 - 8 بانەمەڕ 2720

لە هەموو شارەکانی کوردستان، خەڵک بەردەوام و بە شێوازی جیاواز ڕێز لە گیانفیدایی و ماندوونەناسیی پزیشک و پەرستار و کادری دەرمانیی نەخۆشخانەکان دەگرن.

بۆ جارێکی دیکە و ئەمجار لە شاری "شنۆ" سەر بە پارێزگای ورمێ، "کۆمەڵگای مەدەنیـ"ـی ئەو شارە ڕێزیان لە پێشمەرگە سپی پۆشەکانی ئەو شارە گرت.

کۆمەڵگای مەدەنیی شنۆ بە پێدانی "لەوحی ڕێزلێنان" و "گوڵ" بە پزیشک و پەرستار و کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانەی "نەبی ئەکرەمـ"ـی ئەو شارە، ڕێز و پێزانینی خۆیان بەرانبەر بە هەوڵ و تێکۆشانی ئەو چینەی کۆمەڵگا نیشان دا.

هەروەها کۆمەڵگای مەدەنیی شنۆ ڕایگەیاندووە: "گشت پێرسۆنێلی نەخۆشخانەکان لەو ڕۆژانەدا کە کۆرۆنا لە ئەوپەڕی خۆیدا بوو، گیانیان لەسەر دەست دانا و بۆ ڕێزگرتن لە تیکۆشانی ئەوان دەبێ ساڵەهای ساڵ، بە پێوە ڕاوەستین و چەپڵەیان بۆ لێدەین".

هەرلەو پەیوەندییەدا لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا هاووڵاتییەکی خەڵکی تەنگیسەر بۆ ڕێزلێنان لە تێکۆشانی پێشمەرگە سپی پۆشەکان، گوڵی سووری بەسەر پزیشک و پەرستار و کادرە دەرمانییەکانی "نەخۆشخانەی بووعەلیـ"ـی مەریواندا دابەش کرد.