کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێزگرتن لە ساڵیادی کۆچی دوایی باوکی ژینگە

18:34 - 28 بانەمەڕ 2721

ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ۲۷ی بانەمەڕی ۲۷۲١ی کوردی، کاتژمێر ۵ی ئێوارە، بەبۆنەی یەکەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی کاک سەید "ڕەحیم بدەوی"، ناسراو بە "باوکی ژینگە"، ڕێوڕەسمێکی پڕ شکۆ لەبەر دەرگای ماڵی ئەو خوالێخۆشبووە، لە شاری بۆکان بەڕێوە چوو.

ئەم ڕێوڕەسمە بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنی، ژینگەپارێزیان، ئەویندارانی سروشت و نیشتمان پێکهاتبوو کە ڕێز لە خەباتی دەیان ساڵەی سەید ڕەحیم لەپێناو پارێزگاری لە ژینگە و خزمەتی بێوچان بە سروشتی ئەم مەڵبەندە گیرا و پەیمانی ئەمەگناسی و وەفادارییان لەگەڵ باوکی ژینگە و ڕێبازە پیرۆزەکەی نوێ کردەوە.

لەم ڕێوڕەسمەدا خاتوو نەسرین ئەحمەدزادە(هاوژینی کاک سەید ڕەحیم) مامۆستا "ئاسۆ"، مامۆستا "ئەمین گەردیگلانی"، "شۆڕش خالیدی"، "عەبدوڵڵاپوور"، بەڕێز "کەریمی"، "ڕەسووڵ چووپانی"(شوانە)، "ئەمیر پیادە" و خاتوو "هێرۆ پیادە" هەرکام بە نۆبەی خۆیان لەسەر کەسایەتی و ڕۆڵی کاک سەید ڕەحیم بدەوی لە پاراستن و پارێزگاری لە سروشت و ژینگەی وڵاتەکەی وتاریان پێشکەش کرد و فیداکاری و لەخۆبردوویی ئەم کەسایەتییە نیشتمانپەروەرەیان بەرز نرخاند.

ئەرکی بەڕێوەبەری و پێشکەشکاریی بەرنامەی ڕێوڕەسمەکە لە ئەستۆی ئەسعەد ئاسیابان بووه.