کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێزگرتن لە شەهیدانی ژینگه له ڕێوڕەسمی کرانەوەی شانۆی سەر شەقام لە مەریوان

12:36 - 11 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: سێزدەیەمین فستیڤاڵی شانۆی سەر شەقامی مەریوان لە پارکی شانۆی ئەو شارە و به ڕێزگرتن له شەهیدانی ژینگەپارێزی مەریوان دەستی پێکرد.

ئەم فستیڤاڵە به بەشداریی وڵاتانی فەڕانسه، ئیسپانیا، کۆماری ئازەربایجان، عێراق و ئەرمەنستان و به ڕاوەستان و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی شەهیدانی ژینگی دەستی پێکرد.

لەم فستیڤاڵەدا ٣٩ گرووپ کارەکانی خۆیان نمایش کرد کە لە کۆتاییدا، ٢٠ شانۆ لە بەشی پێشبڕکێی ئازاد و چوار شانۆ لە بەشی ئایینی ـ نەریتیدا گەیشتنە قۆناغی کۆتایی.

لەم فستیڤاڵەدا ١٢٥ نمایش پیشان دەدرێن کە ١١٢ نمایشی لە شاری مەریوان و ئەوانی دیکە لە شارەکانی سنە، سەقز و سەوڵاوا بەڕێوە دەچن.

لە دەسپێکی ئەم فستیڤاڵەدا، گرووپە بووکەڵەییەکانی شارەکانی مەحەلات و ئابادان چەند بەرنامەیەکیان پێشکەش کرد، هەروەها ژەنینی ئامێری مۆسیقای کوردی بەشێکی تر لە ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی ئەم فستیڤاڵە بوو.

سێزدەیەمین فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان لە ڕۆژی ١٠ی خەرمانانەوە هەتا ڕۆژی ١٤ی خەرمانان درێژەی دەبێ.