کوردستان میدیا: پۆلێک لە نیشتمانپەروەرانی کوردستان بۆ ڕێزگرتن لە شەهید شەریف باجوەر و هاوڕێیانی ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بەڕێوە چوو.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ هەینی ڕێکەوتی ١٦ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، هیزە لیباس شەخسییەکان و هێزی ئینتزامیی ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران، کە ئاگاداری ئەوە بوون خەڵکی شاری سنە بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ژینگەپارێزی مەریوانی دەچنە کێوی ئاوییەر و دەورووبەری بە تایبەت کانی شەفا، سەر ڕێگای هاتووچۆی خەڵکیان گرت و نەیاندەهێشت بچنە ئەو شوێنانە.
هاوکات هێزە ئیتلاعاتی ونیزامییەکان مینی بووس و ئوتوبووسیان بۆ گرتنی خەڵک هێنابوو و لیباس شەخسییەکانیش بەتەواوی لە نێو خەڵکدا بڵاوەیان پێ کرابوو.
لەو ڕێوڕەسمەدا، چالاکانی مەدەنیی بەشدار لەو ڕێوڕەسمەدا بە بڵاوکردنەوەی دەنگی شمشاڵی قالەمەڕه، خوێندنی سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب"، سروودی خوایە وەتەن ئاواکەی هەروەها سروودی ئەی شەهیدان ڕێزیان لە شەهیدانی ژینگه گرت. دواتریش بە دانی درووشمی وەک "کوردستان ناوی بەرزە دوژمن دەخاتە لەرزه"، شەهید نامرێ"، "کاک شەریف کاک شەریف ڕێگات درێژەی هەیە" و "دوژمن خەیاڵی خاوە هەزاران شەریف ماوه" پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان نوێ کردەوە.