ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٦ی بانەمەڕی ١٤٠١ هەتاوی ڕێوڕەسمی کۆن و لەمێژینەی ئایینیی "کۆمسای" بە بەشداریی گەشتیارانی نێوخۆیی و بیانی لە ناوچەی "هەورامانـ"ـی تەخت بەڕێوە چوو.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستی پێکرد.
دواتر چەن قەسیدە خوێندرایەوە و ڕێوڕەسمی دەفژەنین بەڕێوە چوو.
لە بەشێکی دیکەدا کەیخودا و ڕدێن سپییەکانی ناوچە بە ڕەسمی کۆن هەیئەتێکیان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ناوچە بۆ ماوەی شەش مانگ پێک هێنا.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا شکاندنی بەردی سپی لە تەنیشت مەزاری "پیرشالیار" بەڕێوە چوو کە دەوترێ تایبەتمەندی بەرەکەت بەخشینی هەیە.
بەڕێوەچوونی پێشانگای پیشەی دەستیی هونەرمەندانی ناوچە بەشێکی دیکەی بەرنامەکە بوو.
ئەو ڕێوڕەسمە بەهۆی پەرەسەندنی پەتای کۆرۆنا چەند ساڵ بوو کە ڕاگیرابوو بەڵام ئەمساڵ بە بەشداریی کۆمەڵێک گەشتیاری نێوخۆیی و بیانی لە زیارەتگەی سەید "مستەفا" ناسراو بە "پیرشالیار" بەڕێوە چوو.
لەو ڕێوڕەسمەدا زۆربەی خەڵکی ناوچەی هەورامان بۆ ڕێزگرتن لەو ڕێوڕەسمە کۆن و ئایینییە بەشدارییان کرد.
ڕێوڕەسمی ئایینیی "کۆمسای" هەر ساڵە دوای تێپەڕینی ٤٥ ڕۆژ لە وەرزی بەهار بە بەشداریی هەزاران کەس لە گەشتیارانی نێوخۆیی و بیانی و هەموو ئۆگرانی ڕێوڕەسمەکە لە تەواوی ناوچەکان بەڕێوە دەچێت.
"کۆمسای" هێمای باوەڕ و بڕواکانی خەڵکی ناوچەی هەورامانە کە بەپێی خەڵکی ناوچەکە پێشینەکەی بۆ زیاتر لە هەزارساڵ دەگەڕێتەوە.
"کۆمسای" وشەیەکی هەورامییە کە لە دوو وشەی "کۆ" بە مانای کۆبوونەوە و "مسای" بە مانای فێربوون پێک هاتووە.