ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە شارەکانی "سەردەشت و مەهاباد" ڕێوڕەسمی فۆلکلۆری "بێڵندانە" بەڕێوە چوو.
ئەو ڕێوڕەسمە کوردەوارییە کە هاوشێوەی نەورۆزە لە گوندەکانی "هەڵوێ و بێورانی خوارێـ"ـی "سەردەشت" و هەروەها گوندی گەشتیاریی "سەهۆڵانـ"ـی "مەهاباد" بە شکۆیەکی زۆرەوە بەڕێوە چووە.
لەو ڕێوڕەسمەدا خەڵکێکی زۆر بە لاو و پیر و منداڵەوە و بەجلوبەرگی ڕازاوەی کوردەواری هەروەها بەجۆش و خرۆشەوە پێشوازییان لەو بۆنە فۆلکلۆرەدا کردووە کە چەندین بەرنامەیان تێدا بەڕێوە بردووە لەوانە، کردنەوەی ئاگر، شانۆ، خوێندنەوەی شێعر، قسەی خۆش و جۆرەکانی هەڵپەڕکێ و گۆرانی.
لە گوندی "هەڵوێ" هونەرمەندان، نوسەران، شاعێران و خەڵکی شارەکانی "سەردەشت، پیرانشار، ڕەبەت و نەڵاس" هەروەها گوندەکانی دەوروبەر بەشدارییان لەو ڕێوڕەسمەدا کردووە.
ئەو بۆنیە هەر ساڵ لە کوردستانی باشوو ر و ڕۆژهەڵات بەتایبەت لە ناوچەکانی "سەردەشت و مەهاباد" و ناوچە کوێستانییەکان بە مەبەستی وەبیرهێنانەوە و زیندووکردنەوەی دابونەریتی کۆنی کوردەواریی بەڕێوە دەچێت.
"بێڵندانە" بە واتای ئەوەیە "بێڵ و وەروەرە" دادەنێین و چیدیکە بەفر ناماڵین یان بە واتایەکی دیکە مرۆڤەکان مزگێنیان بە یەکتر داوە کە سەرماوسۆڵ، قاتی و قڕی و زوڵم و زۆری خۆی ناگرێ و نامێنێ و ماڵاوایی لە زستان دەکەین و بەهار دێت.
ڕێوەڕەسمی "بێڵندانە" مێژووەکەی بۆ ٥ یان ٦ هەزار ساڵ لەنێو کوردان دەگەڕێتەوە، کە لە کۆتایی چلەی یەکەمی زستانی هەموو ساڵێک واتە نێوەڕاستی زستان، گەلی کوردمان لە کۆنەوە ئەو ڕێوڕەسمەیان گرتووە.