کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی جێژنی بێڵندانە لە مەهاباد بەڕێوە چوو

10:57 - 4 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: بە بۆنەی جێژنی سەدە یان بێڵندانە که دوای کۆتاییی چلە گەورە، واتە تێپەڕینی چل ڕۆژ لە زستان، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ لە گوندی سەهۆڵان بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٣ی  ڕەشەمە، ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی جێژنی بێڵندانە لە گوندی سەهۆڵان، سەر بە شاری مەهاباد، بە بەشداریی خەڵکێکی بەرچاو بەڕێوە چوو.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە شوێنی ڕێوڕەسمەکە ڕایگەیاند: لەو جێژنەدا بە سەدان كەس بە جامانە و زنگاڵ بەشدارییان كرد.

هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، ویستوویانە پێش بە بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمە بگرن و بەربەست بۆ خەڵکی دروست بکەن بەڵام نەیانتوانیوە.

لەو ڕێوڕەسمەدا زیاتر لە ٥ هەزار کەس بەشدار بوونە و پێکەوە جێژنی بێڵندانەیان بەڕێوە بردووە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوەش کرد، ئەگەرچی ڕێژیم ئەمساڵیش مۆڵەتی بەڕێوەچوونی ئەو جێژنەی لە ناوچەی شاروێران و نێو شاری مەهاباد نەداوە، بەڵام خەڵکی تێکۆشەری کوردستان بە جلوبەرگی کوردی بەتایبەتی خاکی بەشدار بوونە و دروشمی "بژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، بژی ڕاسان و بژی کورد"یان وتووەتەوە.

(جێژنی "بێڵندانە")، جێژنێک کە لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان ناوی جیاوازی هەیە. بەتایبەت بە ناوەکانی جێژنی سەدە، سەتەی مەڕی، بەهاری کوردی، بەهاری سەکران، کۆسە و سەرەنجام بێڵندانە بەناوبانگە. لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران، ئەفغانستان و ئاسیای نێوەڕاستدا کە ئەو جێژنەیان هەیە بە ناوگەلی خێرپەچار، کوردە، جێژنی شوانان، هەلەهەلە، کورد عەلیکێو، چیلە قاشدی، بەهمەنجە و سەدەی سۆز یان سەدە سۆزی بەر گوێ دەکەوێت؛ هەروەها لە ناوچەی هەورامان و لای پێڕەوانی ئایینی یارسان جێژنی پیرشالیار لە نزیکترین چوارشەممەی کۆتاییی چلەی گەورە دەگیرێت.
بەڵام ئەو جێژنە وەک جێژنی دیکە و بۆنە مێژووییەکانی کورد تۆزی فەرامۆشی لەسەر نیشتوە. هەتا ئێستاش لێکۆڵەرانی کورد کەمتر خۆیان لە چۆنیەتی و کولتووری بەڕێوەچوونی، فەلسەفە و بنەمای جێژنەکە و ماکی وشەی بێڵندانە داوە.

جێژنی سەدە یان بێڵندانە، دوای کۆتاییی چلەی گەورە واتە تێپەڕینی چل ڕۆژ لە زستان دەگیرێت. هەڵبەت بەپێی ناوچە جۆراوجۆرەکان، جێژنەکە لە ٤٠ تا ٤٥ ڕۆژ زستان، جیاوازی تێدایە.

دەگوترێت جێژنی بێڵندانە پێوەندی بە کەمبوونەوەی بارینی بەفرەوە هەیە و وشەکەش لە سێ بەشی بێڵ + ن + دانا پێکهاتووە. بە واتای بێڵی بەفر ماڵینمان دانا، بەڵام ئەو جێژنە کە تایبەت بە ناوچە شاخاوی و بەفرگرەکانە، لە کاتێکدا دەگیرێت کە هێشتا چلە چکۆلە و بەفر و شەڕەبای شینی خاتوو زەمهەریر بۆ جووتەی برایان ماوە. دەڵێن چلەی بچووک دەڵێت ئەوەی بە کاکم نەکرا، ئەمن دەیکەم. بەو پێیەش ناکرێ جێژنەکە پێوەندی بە بەفر و کەمبوونەوەی بارینی بەفرەوە هەبێت و ئەگەر ئاواش بێت، ئەوە وشەکەش پێوەندی بە دانانی بێڵەوە نییە.

هەتا ئیستا دروستترین بۆچوون سەبارەت بە جێژنە کەونارەکانی کورد، لە لایەن مامۆستا هێمنەوە هاتووەتە ئاراوە. ئەو سەرجەم جێژنەکان هەر لە مێهرەگانەوە تا سێزدەبەدەر بە جێژنی ئابووری و هۆکاری ئابووری دەبەستێتەوە. هۆکارە ئابوورییەکەش هەڵسووڕانی ژیانی دانیشتووانی ئەو هەرێمەیە لەسەر بەروبوومی گیاندارێک بە ناوی "مەڕ". لە ڕاستیدا جێژنی مێهرەگان جێژنی بەران تێبەردانە.