کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمی بیستوهەشتەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان بەڕێوەچوو.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ١٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی بیستوهەشتەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی "ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان" لەژێر ناوی "ئاوڕێک لە فەرهەنگی کوردەواری " لە لایەن ئەو ئەنجومەنەوە لە شاری مەریوان بەڕێوە چوو.
لەو ڕێوڕەسمەدا سەرەتا "فاتێح مستەفایی" بەرپرسی کومیتەی فەرهەنگیی ، پەیامی ئەنجومەنی بۆ ئەو کۆڕە خوێندەوە. دواتر "ئەنوەر ڕەوشەن" وتارێکی لەسەر کولتوور ب ەگشتی و کولتووری کوردەواری بە تایبەتی و دواتر سەید "ئیسماعیل حوسەینی" وتارێکی سەبارەت بە فۆلکلۆر پێشکەش کرد.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا "فاتێح ئەرژەنگی" بە پیشاندانی چەن یاریی کوردی، وتارێکی لەسەر یاری و کایە کوردییەکان پێشکەش کرد.
دواتر"کەریم خاوەری" باسێکی لەسەر مێژووی هەڵپەڕکێی کوردی پێشکەش کرد.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، "فارۆق توتمەری'' بە شمشاڵ و تیپی هەڵپەڕکێی "دوازدە سوارەی قەڵای مەریوان" بە پێشکەشکردنی چەند تابلۆیەکی هەڵپەڕکێی کوردی و پێشکەشکردنی گۆرانییەک لە لایەن "عومەر کارێزی" بە هاوکاری تیپی مووسیقیی "قەیووم فەتاحی" کۆڕەکەیان ڕازاوەتر کرد.
لە کۆتاییدا چەند سپاسنامەیەک پێشکەشی تیپی هەڵپەڕکێی دوازدە سوارەی قەڵا کرا.
"ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان" لە ساڵی ١٣٦٩ی هەتاویدا دامەزراوە و یەکێک لە ناوەندە گەورەکانی چالاکانی بواری فەرهەنگ و ئەدەبی کوردییە که لەم چەند ساڵەی کارکردنی خۆیدا کۆمەڵێک چالاکی و سێمینار و ڕێوڕەسمی تایبەتی بە مەبەستی پێشگرتن لە سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆنی ڕێژیم ئەنجام داوە.
بەشێک لەم چالاکییانە بریتین لە بەڕێوەبردنی خولی فێرکاری زمانی کوردی، بەڕێوەبردنی شەوە شێعر، بەڕێوە بردنی کۆڕ و سێمیناری تایبەت بە ڕۆژی زمانی دایکی.