کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداریی لە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ۳۱مین ساڵیادی شیمیاییبارانی هەڵەبجەی شەهیددا کرد.
لەسەر بانگهێشتی فەرمیی وزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی "فوئاد خاکی بەیگی "ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکرات و بە هاورێیەتی "ئیسماعیل ڕەحمانی " نوێنەری حیزبی دێموکرات لە شاری سلێمانی بەشداریی ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ۳۱مین ساڵیادی شیمیاییبارانی هەڵەبجەی شەهید لە پارێزگای هەڵەبجەدا کرد.
شاندی حیزبی دێموکرات بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجەی شەهید سەرەتا سەردانی مۆنۆمێنتی شەهیدانیان کرد و دواتر لە هۆڵی بۆنەکانی هەڵەبجەدا بەشداری یادەکەیان کرد.
لەو ڕێوڕەسمەدا، نوێنەری حکوومەتی عێراق،حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وڵاتانی ئامریکا و ئورووپا بەشداربوون و لە چەندین برگەی جیاوازدا بە خوێندنەوەی پەیامی حکوومەتی عێراقی فێدراڵ و هەرێمی کوردستان ڕێز لە یاد و بیرەوەریی ئەم کارەساتە جەرگبڕە گیرا.
لە ڕێوڕەسمەکەدا ئاماژە بە بروسکەی ماتەمینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرا و لە کۆتاییدا شاندی حیزبی دێموکرات بە ئامادە بوونی وەزیری شەهیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پارێزگار و قائیمقامی هەڵەبجە لە پرۆتۆکۆلێکی فەرمیدا تاجە گوڵینەی حیزبی دێموکراتیان لەسەر گۆڕی شەهیدان دانا.