کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی شەوی یەڵدا لە سلێمانی بەڕێوە چوو

17:27 - 1 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: شەوی ٣٠ی سەرماوەز، بە دەستپێشخەریی بنکەی پێوەندییەکانی حیزب لە سلێمانی و بە هاوکاریی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم شارە، ڕێوڕەسمێکی تایبەت و بەشکۆ بۆ یادی لەدایکبوونی دوکتور قاسملوو بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بۆ بەرزڕاگرتنی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئاشتی، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، بنکەی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات بە هاوکاریی کۆمیتەی حیزب لە سلێمانی، رێوڕەسمێکی تایبەتیان بە ئامادەبوونی بەڕێز "عەلی شەمدین"، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و نوێنەری پارتی دێموکراتی پێشکەوتنخوازی کوردی سووریە لە هەرێمی کوردستان و هەروەها "محەممەدساڵح قادری"، بەرپرسی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکرات و بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب لە سلێمانی و دەوروبەری بەڕێوە برد.

سەرەتای ئەم ڕێوڕەسمە بە خوێندنی سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان "ئیسماعیل ڕەحمانی"، بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە سلێمانی، وێڕای بەخێرهاتنکردنی میوانان، چەند وتەیەکی سەبارەت بەم شەوە وەکوو کردنەوەی ڕێوڕەسمەکە پێشکەش کرد.

دواتر "محەممەدساڵح قادری"، بەپرسی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکرات، چەند وتەیەکی بەنرخی سەبارەت بە کەسایەتی و ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی دوکتور قاسملوو و هەروەها تایبەتمەندیی شەوی یەڵدا و جیاوازییەکانی ئەم شەوە بۆ ئێمەی کورد، پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

پاشان لەلایەن کۆمیتەی حیزب لە سلێمانی، لەوحی ڕێزلێنان پێشکەش بە دوو کەس لە چالاکترین ئەندامانی حیزب لەم کۆمیتەیە کرا.

ڕازێنەرەوەی ئەم ڕێوڕەسمە، خوێندنەوەی چەندین شێعر و پەخشان و هەروەها پێشکەشکردنی چەند سروود و گۆرانیی فۆلکلۆری کوردی لەلایەن کۆڕی موزیکەوە بوو کە کەشێکی تایبەتی بە ڕێوڕەسمەکە بەخشی.