بەبۆنەی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێ، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ لە بنکەی سەرەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەشداری ئەندامانی ڕێبەریی حیزب و کادر و پیشمەرگەکانی کوردستان و بنەماڵەکانیان بەڕێوە چوو.
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕەشەمەی ١٣٩٩ی هەتاوی ڕێوڕەسمی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز و هاتنی سەری ساڵی نوێی کوردی بە بەشداریی لێپرسراوی گشتیی حیزب، ئەندامانی ناوەندیی سیاسی و دەستەی کارگێڕی، کادر، پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دوو بڕگەدا بەڕێوەچوو.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان پەیامی نەورۆزیی حیزبی دێموکرات لەلایەن بەڕێز "مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش کرا.
پاش وتەکانی بەڕێز لێپرسراوی گشتی، گۆرانییەک لەژێر ناوی "شیرین بەهارە" لەلایەن تیپی مۆسیقای کۆیەوە پێشکەش بە ڕێوڕەسمەکە کرا.
لە بڕگەیەکی دیکەدا پەخشانێکی نەورۆزی بەناوی "من نەورۆزم" لەلایەن مامۆستا بێبەش پیرۆتی شاعێری هەستناسکی پێشمەرگەوە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
پاشان ڕێزە گۆرانییەکی فلکلۆر لەلایەن تیپی مۆسیقای کۆیەوە پێشکەش کرا.
دواتر پێشمەرگەی لاو "ئێحسان ڕستگار" شێعرێکی بەناوی "ئاگری نەورۆز"پیشکەش بە بەشداربووان کرد.
پاشان چەند تابلۆی هەڵپەڕکێی ڕەشبەڵەک لە لایەن گرووپی هەڵپەڕکێی "ئاشتیـ"ـەوە پێشکەش کرا کە کەشێکی شادی بە ڕێوڕەسمەکە بەخشی.
بڕگەی دووهەمی ئەو ڕێوڕەسمە بریتی بوو لە کردنەوەی ئاگری بڵێسەداری نەورۆز لەلایەن "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات و "کەنێرە مێهفەر" هاوسەری شەهید "ڕەسووڵ محەممەدزادە" هەڵکرا.
بڕگەی کۆتایی ئەم ڕێوڕەسمە بە شایی و هەڵپەڕکێی گشتی کۆتایی پێهات.
هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئەم جێژنە لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان و لەلایەن پێشمەرگەکانی نیشتمانەوە جێژنی نەتەوەیی نەورۆز بە شکۆیەکی تایبەتەوە بەرێوە چوو. لە هەمان کاتدا لە هەر دوو بنکەی "دێگەڵە" و "جێژنیکان"یش جێژنی نەورۆز و ساڵیادی ڕاگەیاندنی قۆناغی نوێی خەبات لە ڕۆژهەڵات ناسراو بە ڕاسانی خۆرهەڵات بەڕێوە چوون.