کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی نەورۆز لە جێژنیکان بەڕێوە چوو

13:13 - 30 رەشەمه 2720

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەشەمە، بەبۆنەی نەورۆزی کوردەواری و هاتنی ساڵی نوێ لە جێژنیکان ڕێوڕەسمێکی بە شکۆ بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنی سروودی دوژمنشکێنی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر لەلایەن "کەریم پەرویزی" ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چەند وتەیەک پێشکەشی بەشداربووان کرد.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، پەیامی ڕێکخراوی لاوان و ژنان بەبۆنەی ساڵی نوێ، لەلایەن "دانا ڕاست خەدیو" پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتەوە پێشکەش کرا.

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، شێعرێک لەژێر ناوی "من بەڕێوەم" لەلایەن مامۆستا "بێبەش" خوێندرایەوە.

هەروەها لەلایەن گرووپی سروودی منداڵان، سروودێک لەژێر ناوی" جەژنە جەژنی کوردستانە" پێشکەشی بەشداربووان کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، کورتە شێعرێک بە زاراوەی "کەلهوڕی" لەلایەن "ساحیل خادمیـ"ـیەوە پێشکەش کرا.

پاشان لاوکێک بە زاراوەی "بادینی" لەلایەن "شێرعەلیـ"ـەوە پێشکەش کرا.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، پێشەکی کاک "عوسمان ڕەحمانی" پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات شێعرێکی بە سۆز و دواتر گۆرانییەکی لەژێر ناوی" نەورۆز" بە دەفژەنینی "سامان دێهناد" پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات، پێشکەشی بەشداربووان کرد.

دواتر لەلایەن پۆلێک لە پێشمەرگە شۆڕشگێڕەکان، تابلۆیەکی هەڵپەڕکێ پێشکەشی ئامادەبووان کرا.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا مەشخەڵی ئاگری نەورۆز لەلایەن "فاتیح حەیرانی، مەهناز چگین، ڕوقیە سەمەدی و نوسرەت ئەحمەدزادە"وە ڕادەستی چوار منداڵی بنەماڵەی شەهیدان "چالاک ئیسماعیلی، ڕێباز و هەنار خزری و جیهان عەزیزی" کرا و ئەو ئاگرە لەلایەن ئەو کەسانەوە هەڵ کرا.

بەشی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی کوردەواری کۆتایی پێهات.