کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شاری نەغەدە پێشی پێ گیرا

13:25 - 6 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران، لە شاری نەغەدە ڕێگریان لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی جێژنی نەورۆز لەو شارە کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە شاری نەغەدە، هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم، لەو شارە سەرەڕای گوشار خستنەسەر و بانگکردنی چالاکانی مەدەنیی شار و شۆرا و دێهیاریی گوندەکانی ناوچەی سندووس و بەتایبەت ئەو گوندانەی کە ساڵانی پێشوو ڕێوڕەسمەکانی جێژنی نەورۆزیان تێدا بەڕێوە چووە، بۆ ئیدارەی ئیتلاعات، داواشیان لێ کردوون، کە نابێت لە هیچ کۆڕ و کۆبوونەۈیەکی شادی و ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا بەشدار بن، یان دەر بکەون.

هەروەها پاش بانگەشەی گرووپە شاخەوانی و ژینگەپارێزییەکانی سامڕەندی نەغەدە و کاویانی نەغەدە بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز لەسەر گڵکۆی شاخەوانی ناوداری کوردستان، "محەممەد هەوراز"، لە داوێنی کێوی سووڵتان یاقوبی ئەو شارە، گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە شاری نەغەدە بۆ پێشگرتن  لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکان زیاتر بووەوە و هەر یەک لە بەرپرسانی گرووپەکانی شاخەوانیی سامڕەند و کاویانیان کێشایە ئیدارەی ئیتلاعاتەوە.

بەرپرسانی شاری نەغەدە، دڵخوازانە و بەپێی حەزی تاکەکەسیی خۆیان هەڵسوکەوت لەگەڵ کوردەکان و خەڵکی نەغەدە دەکەن و پێشگیری و کەند و کۆسپ دەخەنە سەر ڕێگەی هەر جۆرە ڕێوڕەسمێکی کوردەکانی ئەو شاره و کار بۆ سڕینەوە هەر جۆرە ڕێوڕەسم و ناسنامەیەکی کوردی ئەو شارە دەکەن و دەیانەوێت دێمۆگرافیی شارەکە بگۆڕن؛ بەڵام سەرەڕای ئەم هەموو گوشارە، چالاکانی مەدەنیی نەغەدە کۆڵیان نەداوە و هەروا لەسەر چالاکی و ئامانجەکانی خۆیان سوورن.