کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی پرسە وسەرەخۆشیی شەهیدی نوێی ڕاسان، شەهید سامان شێوەسەڵی بەڕێوەچوو

15:40 - 4 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشی شەهیدی نوێی ڕاسان، شەهیدی فەرمانده سامان حەسەن‌پوور، ناسراو به سامان شێوەسەڵی به بەشداری ئەندامانی ناوەندی سیاسی ودەستەی کارگێڕی حیزب وهەروەها  کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەی شەهیدانی ڕاسان لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە به ڕاگرتنی چەن چرکەیێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی حیزب وگەل بە تایبەت شەهید سامان شێوەسەڵی دەستی پێکرد.

پاشان کاک کاوە بەهرامی، فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەبارەت به شەهیدبوونی شەهید سامان چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. ناوبراو لە قسەکانیدا باسی لە چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگە لە ماوەی ئەمساڵدا کرد و وتی: "حیزبی دێموکرات به هەست کردن بە بەرپرسایەتی بەرانبەر به چارەنووسی گەلی کورد بڕیاری خەباتێکی نوێ لە ژێر ناوی ڕاسانی دا و به دڵنیاییەوە ئەم پرۆسەیە بە بێ قوربانیدان و گیانفیدایی نابێ. لە درێژەی چالاکییەکانی ئەم ساڵدا هێزی پێشمەرگەی کوردستان به دەرخستنی پۆتانسیێلی خۆی لە بەرەنگاربوونەوە و تێکۆشاندا پیشانی دا کە ئەتوانێ پاڵپشتی خەبات و تێکۆشانی هێزی خەڵک بێت".

هەروەها لە پێوەندی لە گەڵ شەڕ وتێکهەڵچوونی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزە دژی‌گەلییەکانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە شەوی ٣ی پووشەپەڕی ٩٧ی هەتاویدا وتی: "بە لە بەرچاوگرتنی هێز و ئەو چەک و چۆڵە قورس و سووکانەی کە لەم تێکهەڵچوونەدا لە دەست بەکرێگیراوانی رێژیمی ئێراندا هەبوو، دەتوانین بڵێن هێزی پێشمەرگەی کوردستان به ئیرادەیەکی پۆڵایین و بە ورەیەکی بەرزەوە توانی بە باشترین شێوە بەرەنگاری دوژمن ببێتەوە و لە ماوەی کەمتر لە یەک کاتژمێردا زەبرێکی قورس لە هێزەکانی دوژمن بدات، به شێوەیەک کە هەر لە سەرەتاوە ڕێژیمی ئێران ژمارەی کوژراوەکانی خۆی دوو کەس ڕاگەیاند کە دواییش کەلاکەکانیان به هێلیکۆپتەر لە شوێنی شەڕەکە گوازرایەوە. کۆنتڕۆڵی ئەم شەڕ و تێکهەڵچوونە بە تەواوەتی لە دەستی هێزی پێشمەرگەدا بوو  و بەداخەوە لەم شەڕەدا هاوڕێ و هاوسەنگەر، پێشمەرگەی ئەمەگناسی حیزب، سامان شیوەسەڵی تێکەڵ به کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدانی حیزب و گەل بوو".

دواتر کاک کاوە بەهرامی لە قسەکانیدا ئاماژەی به کورتەیەک لە ژیانی شٶڕشگێڕانەی شەهید سامان کرد و کۆبوونەوەی ئەمڕۆی به هێمای ئەمەگناسی و پەیمان نوێ کردنەوە لە گەڵ ڕێبازی شەهیدان زانی.

کاک کاوە بەهرامی هەروەها به باس کردن له گرینگی تێکەڵاویی هێزی خەڵک و هێزی پێشمەرگە، جەختی لە سەر یەکگرتوویی هێز لە پێناو گەیشتن به سەرکەوتن و درێژەدانی ڕاسان واتا گرێدانی خەباتی شار وشاخ کرد.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی بنەماڵەی شەهید سامان شیوەسەڵی لە لایەن مامۆستا "شێرکۆ شێخ نووری" پێشکەش کرا. ناوبراو لە قسەکانیدا وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شێوەسەڵی و کادر وپێشمەرگەی ءیزبی دێموکرات وتی: "وەک بنەماڵەی شیوەسەڵی، شەهیدبوون و خوێن ڕشتن وەک کاڵایەک بە باڵاماندا بڕاوە و شانازی پێوە دەکەین. سامان یەکەم شەهیدمان نییە و دوایین شەهیدیشمان نابێ و ئێمە شانازی به خۆمان و بە حیزبەکەمانەوە دەکەین".

شیاوی باسە کە لەم پێوەندیەدا کۆمەڵێک پەیامی هاوخەمی و سەرەخۆشی نێردرابوو کە دەس خۆشیان لێ کرا. ئەم ڕێوڕەسمە بە پرسە وسەرەخۆشی لە بنەماڵە کەسوکاری شەهید سامان کۆتایی پێهات.