کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی "پیرشالیار" لە هەورامانی تەخت بەڕێوە چوو

12:44 - 14 رێبەندان 2721

ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕێوڕەسمی ئایینیی "پیرشالیار" لە "هەورامانی تەختـ"ـی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەڕێوە چوو. ئەو ڕێوڕەسمە کە بە زەماوەندی "پیرشالیار" ناسراوە هەموو ساڵێک لەسەر مەزارگەی پیرشالیار لە "هەورامان" بەڕێوە دەچێت.

ڕێوڕەسمەکە هەموو ساڵێک لە نیوەی زستان و ڕۆژی چوارشەممەوە دەست پێ دەکات و سێ ڕۆژ درێژە دەکێشێت و لە بەیانیی ڕۆژی یەکەمەوە ئەو ئاژەڵدارانەی کە دەیانهەوێت ئاژەڵەکانیان بکەنە قوربانی دەیدەن بە قەساب و بەشێک لە گۆشتەکەی وەکوو "متفەرک" لەنێو خەڵکدا دەبەخشنەوە و بەشێکیشی لەنێو مەزارگەی "پیرشالیار"دا دەکەن بە چێشت.

لەو ڕێوڕەسمەدا مێرمنداڵ و لاو و پیر دەست لەنێو دەستی یەکتر جەزم دەبن و بە کۆبوونەوەی جەستە و دەروون، یەکیەتی و یەکڕەنگییان دەخەنە ڕوو و نمایشی دەکەن و دەروێشەکان دەف لێ دەدەن.

هەروەها لەو سێ ڕۆژەدا خەڵکی "هەورامانی تەخت" تەواوی کارەکانی خۆیان بەجی دەهێڵن و تەنیا کاتی خۆیان بۆ ئەو ڕێوڕەسمە مێژووییە تەرخان دەکەن.

چێشتی "هڵۆشینە تشێـ"ـی ئەو ڕێوڕەسمە هەمان چێشتە کە ٩٥٠ ساڵ پێش لە ڕێوڕەسمی "پیرشالیار"دا لێنراوە.

ڕۆژی سێهەم کە دەبێتە کۆتا ڕۆژ، خەڵک تاکوو شەو جەزم دەکەن و چەند کاتژمێریش لە هەمان شەو لە مەزارگەی "پیرشالیار"دا دادەنیشن کە بە ئەو شەوە "شەونشینی" دەوترێت.

هەروەتر لەو شەوەدا چەند کەس لەسەر "پیرشالیار" و بابەتی ئایینی قسە دەکەن و دوایی بە سروود یان پارچە شێعرێک  و هەروەها بە نزا کۆتایی بە ڕێوەڕەسمەکە دێنن.

لەو ڕێوڕەسمەدا ئەو گوێزانەی کە لە باخی "پیرشالیار"دا چنراون بۆ خەڵکی ئەو گوندەیان دەنێرن.

ڕێوڕەسمی "پیرشالیار" لەو ئایینانەیە کە لەلایەک ڕەسەنایەتی و دەوڵەمەندبوونی ئەو ناوچەیە نیشان دەدات و لەلایەکی دیکەوە دەرفەتێکی تایبەتە بۆ گەشەی پیشەی گەشتیاریی ناوچەکە.