کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی منداڵان لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو

18:56 - 13 جۆزەردان 2722

ڕێکەوتی ١٢ی جۆزەردان ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی منداڵان لەلایەن ناوەندی "نێرگز" بە بەشداریی منداڵان، بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەری، کادر، پێشمەرگە و بنەماڵەکان لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو. 

سەرەتای ڕێورەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" لەلایەن منداڵانی "ناوەندی نێرگز" و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر پەیامی بەڕێوەبەریی "ناوەندی نێرگز" بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی منداڵان، لەلایەن "نیشتمان ڕەسووڵ دنخە" ئەندامی بەڕێوەبەریی "ناوەندی نێرگز"وە پێشکەش کرا.

پاشان چەند تابلۆیەکی هەڵپەڕکێ لەلایەن گرووپی "نێرگز" سەر بە "ناوەندی نێرگز"ەوە پێشکەش کرا.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا چەپکەگوڵێک لەلایەن دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکرات پێشکەش بە "ناوەندی نێرگز" کرا.

پاشان سروودی "ژیرە ژیرە" لەلایەن کۆرسی منداڵانی "ناوەندی نێرگز"ەوە پێشکەش کرا و لەوحی ڕێزلێنان لەلایەن "خەدیجە بەهمەن" بەرپرسی ناوەندی نێرگزەوە پێشکەش بە بەرپرسانی پێشووی "ناوەندی نێرگز" "فاتێح ساڵحی، شنە دروودگەر و زەمەند بەهاری" کرا.

لە ڕێوڕەسمەکەدا شانۆی "شازادەی خۆبایی" لەلایەن گرووپی شانۆی ناوەندی نێرگزەوە بەڕێوە چوو.

دواتر ئەو منداڵانەی کە پلەی یەکەمیان لە خوێندن بەدەست هێنابوو و لەلایەن ناوەندی نێرگزەوە خەڵاتیان بۆ ئامادە کرابوو، خەڵاتەکانیان لەلایەن مامۆستا "نەبەز" بەڕێوەبەری خوێندنگەی ڕۆژهەڵات و خاتوو "خەدیجە بەهمەن" بەرپرسی ناوەندی نێرگزەوە پێشکەش کران.

پاشان شێعری ئاواتی منداڵان لەلایەن "یەلدا نەقشبەندی" و گۆرانییەکی ئینگلیزی لەژێر ناوی " کینگ ئاف کینگ" لەلایەن "خاتوو تەبیا"وە پێشکەش کرا.

منداڵانی بەشدار لەم ڕێورەسمەدا بەشداریی چەند پێشبرکێیەکیان کرد کە لەلایەن "کەژان مێنبەریـ"ـیەوە ئامادە کرابوون.