کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە شەهیدانی ژینگە لە لایەن ڕێژیمەوە ڕێگری لێکرا

12:58 - 16 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: هێزە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی ڕێژیمی سەرکوتکەری ویلایەتی فەقیه لە شاری بۆکان ڕێگرییان کرد لە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە شەهیدانی ژینگە لە شاری بۆکان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٥ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی،  لە حاڵێکدا بڕیار بووە لە شاری بۆکان، لە لایەن ژینگەپارێزان، وەرزشوانان و ئەنجوومەنی ئەدەبیی ئەو شارە لە کێوی بەردەزەرد ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن بۆ شەهید "شەریف باجوەر و هاوڕێیانی" بەڕێوە بچێت هێزەکانی ڕێژیم ڕێگرییان لێکردووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە دوای ئەوەی کە چەندسەد کەس لە خەڵکی نیشتمانپەروەری بۆکان بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ڕێوڕەسمە بەرەو کێوی بەردەزەرد دەڕۆن هێزە ئەمنییەتی و نیزامییە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە سەر پردی تازه و شاخەڕەش پێشیان بە خەڵک گرت کە بۆ شوێنی ڕێوڕەسمەکە نەڕۆن بەڵام پۆلێک لە ئەویندارانی نیشتمان و ژینگەپارێز و ژینگەدۆستانی بۆکان لە بناری چیای بەردەزەرد کۆبوونەتەوە و یادی شەهیدانی ژینگەیان بەرز ڕاگرتووە.

هێزەکانی ڕێژیمی ئێران هەتا کاتژمێر ٧ی ئێوارە لە شوێنی ڕێوڕەسمەکە بوونە و ئیزنیان نەداوە کە بەڕێوە بچێت.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، ٤ چالاکی ژینگەپارێزیی خەڵکی شاری مەریوان به ناوەکانی "شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمی‌نیا و محەممەد پەژووهی" لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریواندا گیانیان لە دەست دا.

لە دوای شەهیدبوونی ئەو چوار ژینگەپارێزەی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە زۆربەی شارەکانی کوردستان ڕێوڕەسمی تایبەت بۆ ڕێزگرتن لەو شەهیدانە بەڕێوە چوو.

هاوکات چالاکانی مەدەنی، ڕێکخراوە مەدەنی و ژینگەپارێزییەکان، چالاکانی سیاسی، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و چین و توێژە جیاوازەکانی کوردستان، پەیامی هاوخەمیان بڵاو کردەوە و لە سەر کار و چالاکییەکانیان پێداگریان کردەوە.